هاونیشتمانییەکی قامشلۆ: ئاوارەیەکی زۆر روویان لە شارەکە کردووە

رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەکی خەڵکی قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، بەهۆی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریاوە، دانیشتووانی گوندەکان روویان کردووەتە نێو شار. ئاماژە بەوەش دەکات، هیچ خزمەتگوزارییەک بۆ ئاوارەکان نییە و لە دۆخێکی خراپدا دەژین.
 
گەمارۆی سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەردەوامە. ئەمڕۆ چوارشەممە 21-01-2026، ئەحمەد ماردینلی، هاونیشتمانییەکی خەڵکی قامشلۆ بە غەریب مەجید، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداوی بۆ رۆژئاوای کوردستان راگەیاند، ''ئێستا دۆخی شارەکە ئارامە. خەڵک لە بەرامبەر سوپای عەرەبیی سووریا وەستاون، بەڵام  لە دەوروبەری ناوچە و شارە کوردییەکان شەڕ و پێکدادان هەیە.''
 
ئەحمەد ماردینلی سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر پارێزگای حەسەکە و کۆبانی گوتی: ''بەو هێرشانە دەیانەوێت ئارامی لە ناوچە کوردنشینەکان نەمێنێت و پێکەوەژیانی کورد و عەرەب تێکبدەن. بۆیە ئێمە هەوڵدەدەین شەڕ بوەستێت و خوازیارین بە ئارامی بژین.''
 
لە کاژێر 20:00ـی دوێنێ شەوەوە ئاگربەستێک لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و دیمەشق دەستیپێکردووە بۆ ماوەی چوار رۆژ، بەڵام بەگوتەی ئەو هاونیشتمانییە، ئێستا شەڕ لە نزیک تلحەمیس و تلکۆچەر بەردەوامە کە کەوتوونەتە دەست سوپای عەرەبیی سووریا، ''دەیانەوێت دەربازی نێو شارەکان ببن و پابەندی ئاگربەستیش نین.''
 
بەهۆی شەڕ و پێکدادانەوە، ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی گوندەکان، روویان لە قامشلۆ کردووە کە پارێزراوترە. ئەحمەد ماردینلی دەڵێت: ''ئێستا خەڵکی عەفرین، شێخ مەقسوود، ئەشرەفییە، تەبقە و رەققە [کە پێشتر ئاوارە ببوون] لە قامشلۆن، بەڵام هیچ شوێنێک بۆ خزمەتکردنی ئاوارەکان نییە و لە دۆخێکی خراپدا دەژین.''
 
ئەو ناوچانەی لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دا بوون، چەند رۆژێکە رووبەڕووی دۆخێکی سەربازی، ئەمنی و داڕمانی خێرای دۆخی مرۆیی بوونەتەوە و بەشێک لە ناوچەکان داگیر کراون.
 
 سەرەڕای گەمارۆکان، سەرجەم خزمەتگوزارییەکان لەسەر کۆبانی و پارێزگای حەسەکە بڕاون و دانیشتووانیان لە دۆخێکی خراپ و مەترسیداردا دەژین.