سووریا رێکارەکانی پێدانی وڵاتینامە بەو کوردانە رادەگەیێنێت کە لێی بێبەش بوون
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی سووریا رێکارە جێبەجێکارییەکانی تایبەت بە پێدانی وڵاتینامەی بەو کوردانەی لێی بێبەش کرابوون راگەیاند و دەڵێت، چەندین ناوەندی بۆ پێشکێشکردنی داواکاری لە پارێزگاکانی دیمەشق، حەلەب، رەققە، دێرەزوور و حەسەکە کردەوە.
وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە بڕیاری ژمارە 144دا کە رۆژی 16ی کانوونی دووەمی 2026 دەریکردووە، وردەکاریی جێبەجێکردنی مەرسوومی ژمارە 13ی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی روونکردووەتەوە کە بەشێکی تایبەتە بە پێدانی وڵاتینامەی سووریا بە کوردانی تۆمارنەکراو.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، ئەم هەنگاوە بۆ "رێکخستنی رێکارە یاساییەکان و چەسپاندنی شەفافییەت" و "پاراستنی مافی هاووڵاتیبوون و یەکسانییە."
بەگوێرەی بڕیارەکە، ئەو کەسانەی دەیانەوێت وڵاتینامەی سووریا بەدەستبهێنن، دەبێت بە شێوەی تاکەکەسی یان خێزانی داواکاری پێشکێشی ئەو ناوەندانە بکەن کە لە پارێزگاکانی دیمەشق، حەلەب، رەققە، دێرەزوور و پێنج ناوەند لە پارێزگای حەسەکە دیاریکراون.
داواکار دەبێت بڕوانامەی پێناسەکردن (شهادة تعریف) لەگەڵ بەڵگەنامەی نیشتەجێبوون پێشکێش بکات.
لە هەر ناوەندێکدا لیژنەیەک بە سەرۆکایەتیی دادوەرێک پێداچوونەوە بە داواکارییەکاندا دەکات و لە 20 رۆژدا بڕیاریان لەبارەوە دەدات.
بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، ماوەی پێشکەشکردنی داواکاری 30 رۆژە و دەکرێت درێژبکرێتەوە. ئەو کەسانەش کە لە بڕیارەکان ناڕازین، دەتوانن لە 15 رۆژدا تانە لە بڕیارەکە بدەن.
لیژنەیەکی ناوەندی بە سەرۆکایەتیی یاریدەدەری وەزیری ناوخۆ بۆ کاروباری شارستانی سەرپەرشتیی گشتیی پرۆسەکە دەکات و لیستە کۆتاییەکان بۆ پەسندکردن دەنێردرێنە لای وەزیری ناوخۆ.
16ی کانوونی دووەمی 2026، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، مەرسوومێکی دەرکرد کە تێیدا رۆژی جەژنی نەورۆزی وەک پشووی فەرمی ناساند، بڕیاری پێدانی وڵاتینامەی بە کورد دا، کە بەهۆی سەرژمێریی ساڵی 1962ـەوە لێی بێبەش کرابوون و زمانی کوردی وەک "زمانێکی نیشتمانی" ناساند.