بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر: بەمزووانە کەمپی رۆژ چۆڵ دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی نووسینگەی کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، لە ماوەیەکی نزیکدا کەمپی رۆژ کە تایبەتە بە خێزانی چەکدارانی داعش لە رۆژاوای کوردستان، بە تەواوی چۆڵ دەکرێت.
شێخمووس ئەحمەد، هاوسەرۆکی نووسینگەی کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کەمپی رۆژ تاوەکو ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردایە و لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەپارێزرێت. دۆخی دەوروبەری کەمپەکە ئارامە، چونکە هیچ شانەیەکی داعش لەو ناوچەیەدا نییە و رێکخراوەکانیش رۆژانە و بە بەردەوامی خزمەتگوزارییەکان پێشکێش دەکەن."
سەبارەت بە ژمارەی دانیشتووانی کەمپەکە، شێخمووس ئەحمەد ئاشکرای کرد، لە کەمپی رۆژدا 730 خێزانی بیانی نیشتەجێن کە خەڵکی نزیکەی 42 وڵاتی جیاوازن. هەروەها 15 خێزانی عێراقی و 11 خێزانی سووری لەوێ ماون، کە کۆی گشتیی ژمارەی ئەو کەسانەی لە کەمپەکەدان دەگاتە نزیکەی دوو هەزار و 225 کەس.
پلانی چۆڵکردنی کەمپەکە
هاوسەرۆکی نووسینگەی کاروباری ئاوارە و پەنابەران ئاماژەی بەوە کرد، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بڕیاریان داوە لە ماوەیەکی نزیکدا کەمپی رۆژ چۆڵ بکەن. "بۆ ئەم مەبەستەش، هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران کراوە بۆ گواستنەوەیان و هەروەها خێزانە سوورییەکان لەسەر داوای پارێزگاری حەسەکە و کەسوکاریان، دەگەڕێندرێنەوە بۆ ناوچە رەسەنەکانی خۆیان."
هەروەها دەڵێت، گەڕانەوەیان لە رێگەی هاوئاهەنگیی راستەوخۆی نێوان وڵاتەکانیان و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەبێت.
شێخمووس ئەحمەد گوتیشی، "پێشتر پەیوەندییەکان لە رێگەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و هەسەدە بوو، بەڵام ئێستا هەر وڵاتێک بیەوێت هاووڵاتییانی خۆی وەربگرێتەوە، دەبێت راستەوخۆ پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە بکات و ئێمەش ئامادەین هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ بکەین."
کێشەی خێزانە ئوسترالییەکان
سەبارەت بەو خێزانە ئوسترالییانەی کە هەفتەی رابردوو بڕیار بوو بگەڕێنرێنەوە وڵاتەکەیان بەڵام گەڕێنرانەوە کەمپەکە، شێخمووس ئەحمەد روونی کردەوە، "ئەو خێزانانە لە 34 کەس پێکهاتبوون و بڕیار بوو رادەستی کەسوکاریان بکرێنەوە کە لە ئوسترالیاوە هاتبوونە رۆژئاوای کوردستان، بەڵام لەلایەن یەکەیەکی حکومەتی دیمەشقەوە رێگرییان لێکرا و گەڕێندرانەوە، بێ ئەوەی هۆکاری رێگرییەکە روون بکرێتەوە."
کەمپی رۆژ دەکەوێتەپارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، دوو هەزار و 201 ژن و منداڵ دەژین، منداڵان سێ بەشی ژمارەکە پێکدەهێنن.