کۆمەڵکوژکردنی خێزانێک لە جندرێس کاردانەوەی فراوانی لێکەوتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ 21ی ئادارە و دەبوو رۆژی ئاهەنگ و سەیران بێت، بەڵام لە شارۆچکەی جندرێسی هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان لە پرسە و بێ ئۆقرەییداییە. 
 
حەسەن تۆبال، هاونیشتمانییەکی جندرێسە و دەڵێت: "بە یەک مەڵێن پیرۆز بێت، چونکە هێشتا خوێنەکە وشکنەبووەتەوە. پیرۆزباییکردن ئەو کاتەیە کە ئازادی هەبێت. تۆ ئێستا ئازاد نیت. هێشتا خوێنەکەت لەسەر زەوی ماوە. تۆ بۆچی دەڵێیت پیرۆز بێت. پیرۆزبوون نییە. هێشتا خوێن لەسەر زەوییە."
 
بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و دروشمی بەرخودان، تەرمی چوار هاونیشتمانیی شارۆچکەکە بەرەو گۆڕستان بەڕێکران کە رۆژی دووشەممە بە دەستی گرووپی ئەحرار شەرقیەی نزیک لە تورکیا کۆمەڵکوژران، تەنیا بەهۆی ئەوەی ئاگری نەورۆزیان کردەوە. 
 
هاونیشتمانییەکی دیکەی جندرێس دەڵێت: "لێیان پرسیم 'تۆ کێیت؟'، گوتم کوردم، کوردستانیم، لە دەشتی جۆمی عەفرینم، نە شاعیرم نە مامۆستا، خەمباری گەلی خۆمم."
 
تەرمەکان کە بە ئاڵای کوردستان پێچرابوون، بە رێپێوانێکی درێژ بردرانە دوایین پەناگەیان. هەر چواریان لە خێزانێک بوون کە لە خۆشەویستیی پێشمەرگەی کوردستان، نازناویان پێشمەرگە بوو. 
 
دایکێک شیوەن بۆ لەدەستدانی دوو کوڕیی دەکات و دەڵێت، "لە خوا زیاتر کەسمان نییە." 
 
دوای نوێژ لەسەر کردن، تەرمەکان بەخاکسپێردران. کوردانی جندرێس پەست و توڕەن. پێنج ساڵە عەفرین لە لایەن تورکیا و گرووپە سوورییە چەکدارەکانی لایەنگری ئەنقەرەوە کۆنترۆڵکراوە.  
 
هاونیشتیمانییانی جندرێس دەڵێن، بۆ ئەوان ئەم پێنج ساڵە پڕبووە لە دەربەدەری، دەردەسەری، وێرانکردن و بەتاڵانبردنی سامانیان بە دەستی ئەو گرووپە چەکدارانە کە بە پشتگیریی تورکیا دەنازن، ئێستاش رێگریکردن لە ئازادییەکانی هاتەسەر. 
 
باوکی عامر، هاونیشتمانییەکی جندرێسە و گوتی، "ئێمە دەمانەوێت سەربەخۆ بین و وەکو خەڵک بژین. هیوادارین ئەم شتەمان لەسەر نەمێنێ. بارمان زۆر قورسە. پێویستە ئەوانەی زوڵممان لێ دەکەن لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت. پێویستە کەسێک خۆی لەم میللەتە بکاتە خاوەن. کەسێک زوڵممان لێبکات، پێویستە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت. ئەمڕۆ خوێنی ئەمانە بە فیڕۆ دەڕوات. لێپرسینەوە لە کێ بکەین؟" 
 
18ی ئاداری 2018 عەفرین کەوتە ژێردەستی تورکیا و گرووپە چەکدارەکان. لەو کاتەوە زیاتر لە 150 هەزار کوردی رەسەنی ناوچەکە ئاوارە و کۆچبەر بوون و تورکیا و گرووپە چەکدارەکانیش تۆمەتبار دەکرێن بەوەی هەوڵی گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکە دەدەن.