ئەمریکا: سووریا شیاوی ئەوە نییە بگەڕێندرێتەوە نێو کۆمکاری عەرەبی
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جارێکی دیکە رایگەیاند، ئەوان بە هیچ شێوەیەک پەیوەندییەکانیان لەگەڵ "رژێمی بەشار ئەسەد ئاسایی ناکەنەوە." ئاماژە بەوەش دەکات، ئەوان بە هاوپەیمان و هاوبەشەکانیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە ئێستا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سووریا لە گفتوگۆدان، گوتووە کە پێویستە باشترکردنی دۆخی مرۆیی و ئەمنیی سووریا، خاڵی سەرەکی بێت لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ دیمەشق.
شەوی 20ی نیسانی 2023، ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی رۆژانەیدا سەبارەت بە هەوڵەکانی وڵاتانی عەرەبی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا و گەڕاندنەوەی ئەو وڵاتە بۆ نێو کۆمکاری عەرەبی رایگەیاند: واشنتن دژی ئەو هەنگاوەیە و لەگەڵ ئەوەش نییە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەسەد ئاسایی بکەنەوە.
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی، "هەڵوێستی ئێمە نەگۆڕدراوە لەو پرسەدا، ئێمە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ رژێمی ئەسەد ئاسایی ناکەینەوە، لەوکاتەی بەرەوپێشچوونێکی راستەقینە نەبێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی بۆ ناکۆکییەکە. ئێمە بەردەوامین لەوەی روونی بکەینەوە بە ئاشکرا و بە نهێنیش لەگەڵ هاوبەشەکانمان، لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە ناوچەکەش کە لەگەڵ رژێمی سووریا لە گفتوگۆدان، جەختمان لەسەر ئەوە کردووەتەوە، پێویستە باشترکردنی دۆخی مرۆیی و ئاسایشی سوورییەکان، خاڵی لەپێشینەی هەر گفتوگۆیەک بێت و ئەمەش خاڵێکە ئێمە بەردەوام جەختمان لەسەر کردووەتەوە."
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راشیگەیاندووە، "ئێمە خۆمان پەیوەندییەکانمان لەگەڵ رژێمی ئەسەد ئاسایی ناکەینەوە و لەگەڵ ئەوەش نین هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان ئەو هەنگاوە بنێن، بەڵام هەموو وڵاتێک سەربەخۆیە چ بڕیارێک دەدات."
لە سەرەتایی ئەم هەفتەیە، فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە دوای زیاتر لە 10 ساڵ لە تێکچوونی پەیوەندییەکانی سعودیە و سووریا سەردانی دیمەشقی کرد و لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا کۆبووەوە.
هەفتەی رابردووش، ژمارەیەک وڵاتانی عەرەبی کۆبوونەوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی کاراکردنەوەی ئەندامێتی سووریا لە کۆمکاری عەرەبی کە لە ساڵی 2011 و لەدوای هەڵگیرسانی قەیرانی نێوخۆی سووریا و سەرکوتکردنی راپەڕینی خەڵکی سووریا، ئەندامێتی ئەو وڵاتە لە کۆمکارەکە هەڵپەسێدرا، بەڵام ئەو وڵاتانە نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێکی کۆنکرێتی، چونکە بەگوێرەی میدیاکان پێنج وڵاتی عەرەبی کە ناویان ئاشکرا نەکراوە دژی گەڕاندنەوەی سووریان بۆ کۆمکاری عەرەبی.
لەبارەی ئەو هەنگاوەی وڵاتانی عەرەبی، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەدرێژەی قسەکانیدا دەڵێت، "ئێمە لەوبڕوایەدانین لەم کاتەدا سووریا شیاوی ئەوە بێت بگەڕێندرێتەوە کۆمکاری عەرەبی و ئەوەشمان بە راشکاوی راگەیاندووە و جەختیشمان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە پێویستە هەندێ هەنگاوی کردەیی هەبێت، لەنێو ئەو هەنگاوانەش کرانەوەی زیاتر بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی و بەتایبەت رۆڵی رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە سووریا، هەروەها کۆتایی هێنان بە بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەری کاپتاگۆن، لەگەڵ بەرەوپێشچوونی راستەقینەی سیاسی."
لە چەند ساڵی رابردوودا، هەریەک لە ئیمارات، میسر، ئوردن و تونس پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا ئاسایی کردووەتەوە و سعودیەش دەیەوێت ئەو هەنگاوە بنێت و بەنیازیشە بانگهێشتی ئەسەد بکات بۆ لووتکەی داهاتووی کۆمکاری عەرەبی کە بڕیارە لە 19 مانگی داهاتوو لە ریازی پایتەختی سعودیە بەڕێوەبچێت.