روانگەی سووری: چەکدارانی سوپای عەرەبیی سووریا هزری داعشیان هەیە و تەرمی شەڕڤانان دەشێوێنن
رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ دەسپێکی هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، چەکدارانی سوپای عەرەبیی سووریا زنجیرەیەک پێشێلکاریی مرۆیی و کردەوەی تووندوتیژییان ئەنجامداوە کە کاردانەوەی توندی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە. روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت: "ئەو چەکدارانە هەمان هزری داعشیان هەیە."
دیمەنی تراژیدی و سەربڕین
گرتە ڤیدیۆییەکان کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە، دیمەنی دڵتەزێن نیشان دەدەن. لە یەکێک لە گرتەکاندا، چەکدارێکی سوپای سووریا بە چەقۆوە دەردەکەوێت و هەڕەشەی سەربڕینی شەڕڤانانی هەسەدە دەکات، کە بە "بەرازەکانی پەکەکە" ناویان دەبات و باس لە تۆڵەکردنەوە دەکات. بە گوێرەی زانیارییەکان، ژمارەیەک شەڕڤان لەلایەن ئەو چەکدارانەوە سەربڕدراون.
'هێرش بۆ سەر مردووەکان'
پێشێلکارییەکان تەنیا مرۆڤە زیندووەکانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو گۆڕستانەکانیش لە دەستی ئەو چەکدارانە پارێزراو نەبوون. لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، چەکدارێکی سوپای سووریا کێلی گۆڕی ئەو شەڕڤانانە دەشکێنێت کە لە شەڕی دژی داعشدا شەهید بوون، ئەمەش وەک بێڕێزیکردن بە قوربانیانی شەڕی تیرۆر ئەژمار دەکرێت.
رامی عەبدولرەحمان: ئەوان بێ دڕندەیی ناتوانن بژین
رامی عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە لێدوانێکدا بۆ رووداو تیشک دەخاتە سەر قووڵیی کارەساتەکە و دەڵێت: "پێشێلکارییەکان ئاشکران. داوایان لێکراوە وێنە نەگرن، بەڵام ئەوان ناتوانن بژین ئەگەر لەژێر سایەی ئەو دڕندەییە و ئەو هزره تیرۆریستییە داعشییەدا نەبێت کە هەیانە."
رامی عەبدولرەحمان ئاماژە بەوەش دەکات کە بە چاوی خۆیان بینراوە چۆن سووکایەتی بە دیلە ژنە کوردەکان دەکرێت، تەنانەت ئەو کچانەی کە تەنیا کارمەندی مەدەنی بوون. ئەو دەڵێت: "بە دەنگ و رەنگ سەربڕینی شەڕڤانێکی ژنی کوردمان بینی، شێواندنی تەرمی شەڕڤانەکانمان بینی."
سووکایەتی بە ژنە شەڕڤانان
یەکێکی دیکە لە دیمەنە قێزەونەکان، بڕینی کەزیی ژنە شەڕڤانێکی کۆچکردووە لەلایەن چەکدارێکەوە، کە وەک دەستکەوتێک شانازی پێوە دەکات. هەروەها گرتەی ڤیدیۆیی دیکە هەن کە تێیدا چەکدارەکان قژی کچە شەڕڤانە دیلەکان رادەکێشن و بە قسەی نەشیاو سووکایەتییان پێدەکەن.
هۆشداری لە کارەساتی مرۆیی لە کۆبانێ
هاوکات لەگەڵ ئەم پێشێلکارییانە، "ناوەندی زانیاریی رۆژئاوا" هۆشداریی دەدات لەوەی کە شاری کۆبانی لە چوار لاوە لەلایەن سوپای عەرەبی سووریاوە گەمارۆ دراوە. ناوەندەکە هۆشداری دەدات کە ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، کارەساتێکی مرۆیی گەورە لەو شارەدا روودەدات.
ئازاد بەرخبۆتان، دانیشتوویەکی شاری کۆبانییە و باس لەو مەترسییانە دەکات کە رووبەڕووی دانیشتووانی ناوچەکە بووەتەوە لەژێر سایەی ئەو گەمارۆ و هێرشانەدا.
کاردانەوەکان
ئەم پێشێلکارییانەی سوپای سووریا کە لە دوای 6ی ئەم مانگەوە (کانوونی یەکەم) دەستیپێکردووە، دوای هێرشەکانیان بۆ سەر گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە حەلەب و پێشڕەوییەکانیان بەرەو رەققە، دێرەزوور و حەسەکە، شەپۆلێکی تووندی ناڕەزایەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ناوەندە مافپەروەرییەکان دروستکردووە.