تۆم باراک و مەزڵووم عەبدی لە هەولێر کۆبوونەوە؛ "واشنتن پشتیوانی لە یەکگرتنی هەسەدە و سوپا دەکات"

رووداو دیجیتاڵ

نێردەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا رایگەیاند، واشنتن پشتیوانییەکی بەهێز لە پرۆسەی یەکگرتنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و سوپای سووریا دەکات و جەختیش لە پاراستنی ئاگربەستی ئێستا دەکاتەوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22-01-2026، تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا لە شاری هەولێر لەگەڵ جەنراڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کۆبووەوە.
 
تۆم باراک لە راگەیێندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئاماژەی بەوە کرد، واشنتن بە فەرمی پشتیوانیی بەهێزی خۆی بۆ پرۆسەی تێکەڵبوون و یەکگرتنەوەی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا دووپات دەکاتەوە؛ ئەو پرۆسەیەی کە لە چوارچێوەی رێککەوتننامەی 18ی کانوونی دووەمی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریادا بڕیاری لەسەر دراوە.
 
رۆژی 18ی ئەم مانگە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا رێککەوتنێکی 14 خاڵیی لەگەڵ هەسەدە راگەیاند، کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە ئاڵۆزییەکان و یەکخستنی توانا سەربازییەکانە لە چوارچێوەی دەوڵەتی سووریادا.
 
نێردەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا هەموو لایەنەکان هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی "پابەندبوونی تەواو بە ئاگربەستی ئێستا" دەبێت هەنگاوی یەکەم و گرنگترین بێت. تۆم باراک گوتیشی: "بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ کار دەکەین بۆ دەستنیشانکردن و جێبەجێکردنی رێکارەکانی متمانەسازی لەنێوان هەموو لایەنەکاندا، بە مەبەستی بەدیهێنانی سەقامگیرییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا."
 
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە لە رۆژی 6ی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە، هێزەکانی سوپای سووریا دەستیان بە هێرشکردنە سەر گەڕەکە کوردییەکان لە حەلەب و ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە کردبوو. چاودێران پێیانوایە ئەم دەسپێشخەرییەی ئەمریکا و پشتیوانیکردنی لە رێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق، هەوڵێکە بۆ رێگریکردن لە خوێنڕشتنی زیاتر و چەسپاندنی چارەسەرێکی سیاسیی گشتگیر لە سووریا.