دوای شەپۆلێکی تووڕەیی؛ ئەو سەربازەی سووکایەتی بە "کەزیی" کچە شەڕڤانێک کردبوو بیانوو دەهێنێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی چەکدارێکی سوپای عەرەبیی سووریا کە تێیدا سووکایەتی بە "کەزیی" بڕدراوی کچە شەڕڤانێکی شەهید دەکرد، هەرا و زەنایەکی گەورەی لە کوردستان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروست کرد، ئێستا خاوەنی ڤیدیۆکە پەشیمان بووەتەوە و دەڵێت: "تەنیا بۆ گاڵتە بوو".
کاردانەوەکان و ناسنامەی چەکدارەکە
ئەو کەسەی لە ڤیدیۆکەدا بە گاڵتەجاڕییەوە کەزییەکەی بەدەستەوە گرتبوو، ناوی (رامی دەهش)ـە. پێشتر چەکداری ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بووە و ئێستاش لە ناو سوپای عەرەبیی سووریا کار دەکات.
رامی کە باوکی پێنج کچە، بەو رەفتارەی برینێکی قووڵی لە دڵی ملیۆنان کورد دروست کرد، ئەمەش وایکرد ژنان و کچانی کورد لە هەڵمەتێکی وێنەگرتندا بە هۆندنەوەی کەزییەکانیان، وەڵامی ئەو سووکایەتییە بدەنەوە.
"قژەکە دەستکرد بوو"
دوای ئەو شەپۆلە گەورەیەی سەرۆکۆنەکردن، رامی دەهش لە روونکردنەوەیەکی نوێدا هەوڵ دەدات خۆی لەو رەفتارە بدزێتەوە و دەڵێت: "سەرم سوڕما کە بینیم ڤیدیۆکە بووەتە ترێند. ئەو قژەی لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت قژی سروشتی نییە و دەستکردە (بارۆکە)، تەنیا بۆ گاڵتە و گەپ ئەو کارەم کردووە".
چۆنیەتی تۆمارکردنی ڤیدیۆکە
دەهش لە قسەکانیدا دەڵێت: "لە تەنیشت چێشتخانەیەک دەڕۆیشتم، ئەو قژە دەستکردە لەسەر مێزێک دانرابوو، هەڵمگرت و خاوەن چێشتخانەکە کە هاوڕێمە وێنەی گرتم. ئەو پێی گوتم بڵێ قژی هەڤاڵە (شەڕڤان)، منیش بۆ گاڵتە گوتم و ئەویش بڵاوی کردەوە، بەبێ ئەوەی بزانین ئەم هەرا و زەنایەی لێ دەکەوێتەوە."
ئەم سەربازەی سوپای سووریا لە کۆتایی پەیامەکەیدا، هەوڵ دەدات وێنەی خۆی وەک "بکوژ و تاوانبار" لای خەڵک بسڕێتەوە و جەخت دەکاتەوە کە مەبەستی سووکایەتی نەبووە، لە کاتێکدا رەفتارەکەی لەسەر ئاستی کوردستان و ناوچەکە وەک "تاوانێکی ئەخلاقی و بێڕێزی بەرامبەر بە پیرۆزییەکانی مرۆڤ" ناوزەند کرا.