سوپای عەرەبیی سووریا: یەکەم هەنگاوی رێککەوتنی 18ـی ئەم مانگە جێبەجێ کرا
رووداو دیجیتاڵ
سوپای عەرەبیی سووریا دەڵێت، کەمێک پێش ئێستا یەکەکانی سوپا دەستیان کرد بە "گواستنەوەی ئەندامانی هەسەدە" لە زیندانی ئەقتان و دەوروبەری لە پارێزگای رەققە بۆ شاری (کۆبانێ) لە رۆژهەڵاتی حەلەب.
دەستەی ئۆپەراسیۆنەکان لە سوپای عەرەبیی سووریا لە راگەیێندراوێکدا دەشڵێت: "ئەم هەنگاوە بە یەکەم هەنگاو دادەنرێت بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 18ی کانوونی دووەم، کە تێیدا وەزارەتی ناوخۆ ئەرکی بەڕێوەبردنی زیندانەکە لە ئەستۆ دەگرێت."
دەشڵێت: "سوپا یاوەریی ئەندامانی هەسەدە دەکات تاوەکو دەگەنە دەوروبەری شاری کۆبانێ."
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئاگربەستێکی چوار رۆژە (کە لە 20ـی کانوونی دووەمەوە راگەیێندراوە) بەشێوەیەکی لەرزۆک لە رۆژئاوای کوردستان بەردەوامە. ئاگربەستەکە کات بە هەسەدە دەدات بۆ تەواوکردنی پلانی تێکەڵکردنی هێز و دامەزراوە شارستانییەکان بە حکومەتی راگوزەری سووریا، ئەوەش لە چوارچێوەی رێککەوتنە فراوانەکەی 18ـی مانگ.
بەپێی ئەو چوارچێوەیەی کاری لەسەر دەکرێت:
• شەڕڤانانی هەسەدە تێکەڵی سوپا و دەزگا ئەمنییەکانی سووریا دەکرێن.
• کۆنترۆڵی کێڵگە نەوتی و گازییەکان و دەروازە سنوورییەکان رادەستی دیمەشق دەکرێنەوە.
• دۆسیەی زیندانەکانی داعش دەچێتە دەستی حکومەت.
• لە بەرامبەردا، حکومەتی سووریا هێزەکانی نانێرێتە شارە کوردییەکانی وەک قامشلۆ و حەسەکە، ئەگەر پڕۆسەکە بە باشی بڕوات.
• بەپێی راپۆرتەکان، دەسەڵات بە مەزڵووم عەبدی دراوە بەربژێر بۆ پۆستەکانی وەک جێگری وەزیری بەرگری و پارێزگاری حەسەکە پێشكێش بکات.
سەرەڕای هەوڵەکان، گرژی لەسەر زەوی ماوە. بەرپرسانی سووریا هۆشدار دەدەن ئەگەر دوای تەواوبوونی وادەی چوار رۆژەکە هەسەدە بەتەواوی پابەند نەبێت، ئەگەری هێرشی سەربازی هەیە. لە بەرامبەردا هەسەدە جەخت دەکاتەوە کە "پاراستنی ناوچە کوردییەکان و مافی پێکهاتەکان هێڵی سوورە."
شەوی 22ـی کانوونی دووەمی 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنساوە پێگەیشتووە و تێیدا پاریس پشتیوانیی بەهێزی خۆی بۆ دەستپێشخەرییەکانی ئاگربەست و گفتوگۆی نێوان هەسەدە و حکومەتی راگوزەری سووریا دووپات کردووەتەوە.
هاتنە سەر هێڵی فەرەنسا ئاماژەیە بۆ نیگەرانیی ئەورووپا لە دروستبوونی بۆشایی ئەمنی و مەترسیی سەرهەڵدانەوەی پاشماوەکانی داعش، بەتایبەت لە کەمپی هۆل.
هێزەکانی سەربە حکومەتی سووریا لە سەرەتای ئەم مانگەدا پێشڕەویی خێرایان کرد بۆ ناوچەکانی دێرەزوور، گوندەواری رەققە و رۆژهەڵاتی حەلەب.