سووریا؛ لە 24 کاژێردا داعش سێ هێرشی کردووە و کوژراو و بریندار هەن
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی سووریا بە فەرمی بووە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، ئەو رێکخراوە هێرشەکانی بۆ سەر هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە چڕتر کردووەتەوە و لە نوێترین هێرشیشدا لە رەققە، کوژراو و بریندار هەن.
بەپێی میدیا فەرمییەکانی سووریا، رۆژی یەکشەممە، چەکدارانی داعش هێرشیان کردووەتە سەر خاڵی پشکنینی "سەباهییە" لە دەروازەی رۆژئاوای شاری رەققە؛ لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەکەدا ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کوژراوە و یەکێکی دیکەش بریندار بووە.
سەرچاوە ئەمنییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، یەکێک لە هێرشکارەکان لە کاتی شەڕەکەدا کوژراوە کە پشتوێنی بۆمبڕێژکراوی بەستبوو، هەروەها چەند نارنجۆک و ئامێرێکی بڕەڕی پێبووە.
ئەمە سێیەم هێرشی لەو شێوەیە لە ماوەی کەمتر لە 24 کاژێردا لەو ناوچانەدا.
هاوکات لە پارێزگای دەرعا، گرووپێکی چەکدار بە نارنجۆک هێرشیان کردووەتە سەر ناوەندێکی ئەمنی لە شاری حەراک، بەڵام هێرشەکە تەنیا زیانی مادی هەبووە.
وەزارەتی بەرگریی سووریا کوژرانی سەربازێکی سەر بە فیرقەی 42ی سوپا و هاووڵاتییەکی سڤیلی لەلایەن "کەسانی نەناسراوەوە" پشتڕاستکردەوە.
رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتیی زنجیرە هێرشەکانی رەققە و دێرەزووری گرتووەتە ئەستۆ و لە بەیاننامەیەکدا لە رێگەی ئاژانسی "دابق" رایگەیاندووە، چوونەتە "قۆناخێکی نوێی ئۆپەراسیۆنەکان" دژی دەسەڵاتی نوێی سووریا.
داعش ئاشکرای کردووە، لە شاری میادین بە دەمانچە ئەندامێکی ئاسایشیان کردووەتە ئامانج و لە رەققەش بە چەک هێرشیان کردووەتە سەر دوو سەرباز.
ئەمە دوای ئەوە هات کە رۆژی شەممە، داعش لە پەیامێکی دەنگیدا داوای لە چەکدارەکانی کرد شەڕی حکومەتی راگوزەری سووریا بکەن.
ئەبو حوزەیفەی ئەنساری، گوتەبێژی داعش جەختی لەوە کردەوە، حکومەتی راگوزەری سووریا "بە حکومەتە عەلمانی و سوپا نەتەوە پەرستەکەیەوە کافر و هەڵگەڕاوەن لە دین"، داوایشی لە "سەربازانی شام" کرد هەوڵی جیدیی بدەن بۆ شەڕکردن لە دژیان و "رزگارکردنی وڵات لە چنگیان".
ئەم پەرەسەندنە ئەمنییانە لە کاتێکدا دێن، حکومەتی نوێی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، هەڵوێستی تووندی بەرامبەر داعش وەرگرتووە.
شەرع لە سەردانەکەیدا بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تشرینی دووەمی رابردوو، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆبووەوە و واژۆی لەسەر چوونی سووریا بۆ نێو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش کرد.