بەڕێوەبەری کەمپی هۆل: کەمپەکە داخرا و خێزانەکان گواسترانەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کەمپی هۆل لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند: سەرجەم خێزانەکانی ناو کەمپەکە گواستراونەتەوە و بە تەواوی داخرا.
فادی قاسم، بەڕێوەبەری کەمپەکە بە ئاژانسى فرانس پرێسی راگەیاندووە، رۆژی یەکشەممە (22ی شوباتی 2026)، دوایین کەس لە کەمپی هۆڵ چووەتە دەرەوە و کەمپەکە داخراوە.
ئەو کەمپە زیاتر لە 24 هەزار کەسی تێدابوو، زۆرینەیان خێزانی چەکدارانی داعش بوون، 15 هەزاریان سووریایی بوون.
فادی قاسم، دوای کۆنترۆڵکردنی کەمپەکە لەلایەن سوپای عەرەبیی سووریاوە بووە بەڕێوەبەری کەمپی هۆل و دەڵێت، سەرجەم خێزانەکان بە سووریایی و بیانییەکانەوە لە کەمپەکە گواستراونەتەوە و حکومەتی وڵاتەکەی پلانی گەشەپێدانی داناوە بۆ شیاندنەوەی خێزانەکان دوور لە چاوی میدیاکاران.
ئەو خێزانانەی لەو کەمپەدا بوون لە 42 وڵاتی جیاواز بوون و هاووڵاتیی عێراقیشیان لەنێودا بوون.