پارێزگای دیمەشق: فرۆشتنی کحول لە هوتێلەکان رێگەپێدراوە

 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگای دیمەشق رایگەیاند، بڕیاری نوێ بۆ رێکخستنی پیشەی فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان تەنیا بۆ مەبەستی "رێکخستن و پاراستنی ئارامییە" و هۆتێلەکان ناگرێتەوە، هاوکات داوای لێبووردنیشی لە دانیشتووانی سێ گەڕەکی مێژوویی پایتەخت کرد.
 
رۆژی شەممە 21-03-2026، پارێزگای دیمەشق لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، بڕیاری ژمارە 311 کە تایبەتە بە رێکخستنی فرۆشتنی مەی، "لە چوارچێوەی پاراستنی ئاسایش، سەقامگیری، ئادابی گشتی و سنووردارکردنی پاشاگەردانی لە مۆڵەتەکاندا" دەرچووە.
 
پارێزگای دیمەشق ئاماژەی بەوەداوە، ئەم بڕیارە شتێکی نوێ نییە، بەڵکو یەکخستن و رێکخستنەوەی کۆمەڵێک یاسا و بڕیاری کۆنە کە مێژووەکەیان بۆ ساڵانی 1952، 1998 و 2010 دەگەڕێتەوە. بەپێی بڕیارەکە، دەبێت مەودایەکی دیاریکراو لە نێوان شوێنی فرۆشتنی مەی و قوتابخانە و پەرستگاکان هەبێت، هەروەها مۆڵەتی کارکردن پێویستی بە رەزامەندیی دراوسێکان هەیە.
 
پارێزگاکە رایگەیاندووە، ئەم بڕیارە ئەو شوێنانە ناگرێتەوە کە مۆڵەتی وەزارەتی گەشتیارییان هەیە، وەک هۆتێلەکان. هەروەها لەگەڵ وەزارەتی گەشتیاری کار دەکەن بۆ تاوتوێکردنی پێشنیازەکان سەبارەت بەو چێشتخانە گەشتیارییانەی خاوەن تایبەتمەندیی خۆیانن.
 
لە بەشێکی گرنگی روونکردنەوەکەدا، پارێزگای دیمەشق داوای لێبووردنی لە دانیشتووانی گەڕەکە کریستیاننشینەکانی (باب توما، قەساغ و باب شەرقی) کرد بەهۆی ئەوەی بڕیارەکە بە "هەڵە" لێکدرایەوە. پارێزگاکە دەڵێت: "ئەم سێ ناوچەیە دڵی زیندووی پایتەخت و ئایکۆنی ناسنامە و کولتووری دیمەشقن."
 
بڕیاردراوە لە ماوەی سێ مانگدا دووبارە چاو بە بڕیارەکەدا بخشێندرێتەوە بۆ ئەو سێ گەڕەکە، بە جۆرێک کە رەچاوی تایبەتمەندیی کولتووری و گەشتیاریی ناوچەکان و چێشتخانەکان بکرێت، بێ ئەوەی زیان بە هیچ پێکهاتەیەک بگەیەنێت.
 
بڕیاری ژمارە 311ی پارێزگای دیمەشق رۆژی 16ی ئەم مانگە دەرچووە. بە گوێرەی بڕیارەکە پێشکەشکردنی خواردنەوە کحولییەکان لە چێشتخانە و یانەکانی شەوانەی دیمەشق قەدەخەیە و مۆڵەتی بارەکانیش بۆ مۆڵەتی "کافتریا" دەگۆڕدرێت.
 
لە ماددەی سێیەمی بڕیارەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، مۆڵەتی فرۆشتنی خواردنەوە کحوولییەکان بە شێوەی "پێچراوە و دەبە" تەنیا لە سێ ناوچەی دیمەشق دەدرێت، کە بریتین لە: (باب توما، قەساغ و باب شەرقی).
 
پارێزگای دیمەشق چەند مەرجێکی تووندی بۆ فرۆشگاکانی مەی داناوە، لەوانە: دەبێت فرۆشگاکە لانیکەم 75 مەتر لە پەرستگاکان (مزگەوت و کەنیسە)، قوتابخانەکان و گۆڕستانەکانەوە دوور بێت. هەروەها 20 مەتر لە بنکەکانی پۆلیس و فەرمانگە فەرمییەکانەوە دوور بێت. 
 
بڕیارەکەی پارێزگای دیمەشق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش کاردانەوەی لێکەوتەوە. ئیبراهیم عولابی، باڵیۆزی سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی 19ی ئەم مانگە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو، رەتیکردەوە بڕیارەکە بۆ قەدەخەکردنی یەکجاری بێت و گوتی: "رێنمایییەک هەبووە بۆ رێکخستنی شوێنەکانی فرۆشتنی مەی، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی هەندێک پرسی کۆمەڵایەتی. بۆ نموونە نابێت ئەو شوێنانە لە تەنیشت قوتابخانە یان کەنیسە بن؛ ئەمە تەنیا بابەتێکی رێکخستنە."
 
هەروەها تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری سووریا، لەبارەی کاریگەریی ئەو بڕیارە لەسەر دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی وڵاتەکە بە رووداوی گوت: "ئەمانە تەنیا هەندێک ئاستەنگی کۆسپی بچووکن لە رێگەکەدا."