چیرۆکی بنەماڵەی خەیات لە سووریا و دەوڵەمەندبوونیان بە نزیکبوونەوە لە ترەمپ


رووداو دیجیتاڵ 

هاوینی رابردوو لە یەکێک لە ژوورەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا، محەممەد خەیاتی بازرگانی سووری، نەخشەی پڕۆژەیەکی خەیاڵی بۆ جۆو ویڵسن، ئەندامی کۆنگرێسی کۆمارییەکان خستەڕوو، پڕۆژەیەک کە کەناراوەکانی سووریا لە وێرانەوە دەکاتە سەنتەری یاریگەی گۆڵف، یانەی پۆلۆ و شوێنی ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکانی وەکو بوگاتی.
 
بنەماڵەی خەیات لە رێگەی موعتاز و رامزی برایانەوە، پێشوەختە گرێبەستێکی 12 ملیار دۆلارییان بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئابووریی سووریا لە گیرفان دابوو، تەنیا یەک گرێ لە بەردەمیاندا مابوو، ئەویش سزاکانی ئەمریکا بوو. ویڵسنیش بەبێ دوودڵی کلیلەکەی دایە دەستیان و پێی گوتن، "بۆ ئەوەی سەرنجی ترەمپ رابکێشن، پڕۆژەکە بکەنە یاریگایەکی گۆڵفی نیشتمانیی ترەمپ لە سووریا."
 
بنەماڵەی خەیات تەنیا لە سووریا چاوکراوە نین، بەڵکو لە ئەلبانیاش هاوبەشییەکی چەند ملیار دۆلارییان لەگەڵ ئیڤانکا ترەمپ و جارید کوشنەر هەیە. 
 
ئەم تێکەڵاوبوونەی بازرگانی و سیاسەت، بووەتە جۆرێک لە شێوازی کارکردنی ئیدارەی دووەمی ترەمپ، سیستمێک کە تێیدا وەبەرهێنەران لە رێگەی پڕۆژە هاوبەشەکانەوە، رێگەی کورت بۆ ناو جەرگەی بڕیارە سیاسییەکان دەبڕن.
 
هەرچەندە کۆشکی سپی و دامەزراوەی ترەمپ رەتیدەکەنەوە ئاگاداری هیچ پڕۆژەیەکی گۆڵف بن لە سووریا، بەڵام جموجووڵی سەر زەوی پێچەوانەی ئەمە دەڵێن. دەیڤید وارینگتۆن، راوێژکاری کۆشکی سپی دەڵێت، ترەمپ "بە رەوشتەوە" ئەرکەکانی رادەپەڕێنێت، بەڵام چاودێران دەڵێن خێزانی ترەمپ دەرگەیان بۆ هەر وەبەرهێنانێک واڵا کردووە کە خزمەت بە ئامانجە سیاسییەکانیان بکات.
 
هاتنەپێشەوەی بنەماڵەی خەیات بۆ ساڵی 2011 دەگەڕێتەوە، کاتێک لە قەتەر بوونە یەکێک لە جەمسەرە هەرە گرنگەکانی ئابووری. ئەوان دوای گەمارۆکەی سەر قەتەر لە 2017، توانییان بە تەنیا 90٪ی پێویستیی شیرەمەنیی قەتەر دابین بکەن. لەوێوە و لە ساڵی 2022دا، لە رێگەی چێشتخانە ناودارەکەیان لە دەوحە، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کوشنەر و ئیڤانکا پتەو کرد.
 
دوای رووخانی ئەسەد و گەڕانەوەی ترەمپ، بنەماڵەی خەیات بوونە کارەکتەری سەرەکیی ئاوەدانکردنەوە وڵاتەکەیان. ئەوان نەک تەنیا لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی ترەمپدا ئامادەبوون، بەڵکو راستەوخۆ لە دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا، رێککەوتنی گەورەیان لە بوارەکانی فڕۆکەخانە، کارەبا و گاز واژۆ کرد.
 
بۆ ئەوەی ئەم ئیمپراتۆریەتە ئابوورییە نێودەوڵەتی بێت، دەبوو "یاسای قەیسەر" کۆتایی پێ بهێنرێت. لۆبیکارانی سووری لە واشنتن بە پاڵپشتیی دارایی و دروستکردنی پەیوەندیی نزیک لەگەڵ یاسادانەران، توانییان ئەو یاسایەی بۆ پاراستنی مەدەنییەکان دانرابوو، لەبەردەم پڕۆژە بازرگانییەکاندا لابدەن.
 
جۆو ویڵسن لە حوزەیرانی 2025 پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی یاساکەی پێشکەش کرد و محەممەد خەیاتیش وەک وەفا، بەردی بناغەی پڕۆژە گۆڵفەکەی بە لۆگۆی ترەمپەوە پێشکەش کرد.
 
لە کاتێکدا واشنتن و دیمەشق خەریکی ئاهەنگگێڕانن بۆ ئەم سەردەمە نوێیە، لە لازقیە جووتیارە کەمینەکان لە دڵەڕاوکێیەکی توونددا دەژین. 
 
سینان یونسی تەمەن 42 ساڵ، کە ساڵی رابردوو بارهەڵگرەکەی بۆ گواستنەوەی تەرمی قوربانییانی دەستی گرووپە چەکدارەکان بەکارهێنابوو، دەپرسێت: "ئەی چارەنووسی ئێمە چی لێدێت؟ چۆن دەکرێت هەموو شتێک لەپێناو بەرژەوەندیی کەسیی ئاوادا بکرێتە قوربانی؟"
 
ئێستا کە سزاکان نەماون، ئەمریکا هیچ کارتێکی گوشاری لەدەستدا نەماوە بۆ پاراستنی کەمینەکان. هەرچەندە هەندێک لە یاسادانەران وەک برایان ماست ئێستا دان بەوەدا دەنێن کە توندوتیژیی تائیفی لە سووریا رووی لە هەڵکشان کردووە، بەڵام وەک دەردەکەوێت، شەمەندەفەری بازرگانیی بنەماڵەی خەیات و خێزانی ترەمپ، هەموو بەربەستەکانی بڕیوە.
 
ئێستا شۆفڵەکان لە فڕۆکەخانەی دیمەشق خەریکی کارن و رامز خەیاتیش بە ئاشکرا باسی داهاتوویەکی گەش لەگەڵ کوشنەر دەکات و دەڵێت، "ئەو پیاوێکی نایابە و پێکەوە شتی نایاب بۆ سووریا دەکەین."