حکومەتی سووریا وڵاتینامە دەداتە 10 هەزار کورد

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەڵێ، داواکاریی زیاتر لە 10 هەزار کوردی وەرگرتووە بۆ ئەوەی وڵاتینامەی سووریایان پێ بدرێ. ئەم هەنگاوە دوای 60 ساڵ لە بێبەشکردنی هەزاران کورد لە مافی هاووڵاتیبوون دێت.
 
وەزارەتی ناوخۆی سووریا، رۆژی هەینی 22ی ئایاری 2026، لە پێگەی فەرمی خۆی بڵاویکردەوە، لیژنە تایبەتمەندەکان دەستیان بە وەرگرتنی داواکاریی ئەو کەسانە کردووە کە مەرسوومی ژمارە 13ی ساڵی 2026 دەیانگرێتەوە. تاوەکو ئێستا دوو هەزار و 892 داواکاری خێزانی تۆمارکراون کە ناوی 10 هەزار و 516 کەسیان تێدایە بۆ وەرگرتنی وڵاتینامە.
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتەکە، پارێزگای حەسەکە زۆرترین داواکاریی تێدا تۆمارکراوە کە گەیشتووەتە دوو هەزار و 772 داواکاریی خێزانی. دوای ئەو پارێزگای حەلەب بە 75 داواکاری و دیمەشقی پایتەخت بە 32 داواکاری دێن، هەروەها چەند داواکارییەکی دیکە لە پارێزگاکانی رەققە و دێرەزوور تۆمارکراون.
 
لە مانگی نیسانەوە بنکەکانی تۆمارکردن لە دیمەشق و پارێزگاکانی رۆژئاوای کوردستان دەرگایان بەڕووی ئەو هاونیشتمانەدا کردەوە کە چەندین دەیەیە بێ ناسنامە و وڵاتینامەن. 
 
تۆمارکردنی ناوەکان لە پێنج پارێزگای سووریا بەردەوامە و حکومەت مانگێکی وەک وادەی سەرەتایی دیاریکرد، کە ئەگەری درێژکردنەوەشی هەیە.
 
کێشەی بێ وڵاتینامەیی کورد لە سووریا بۆ سەرژمێرییەکی نائاسایی ساڵی 1962 لە پارێزگای حەسەکە دەگەڕێتەوە. لەو کاتەدا بەهۆی ئەو سەرژمێرییەوە نزیکەی 200 هەزار کورد لە مافی هاووڵاتیبوون بێبەش کران و وەک "بیانی" یان "مەکتووم" (ئەوانەی ناویان لە هیچ تۆمارێکی فەرمیدا نییە) پۆلێن کران، ئەوەش وایکرد بۆ شەش دەیە لە سەرەتاییترین مافەکانی وەک خوێندن، کارکردنی فەرمی، خاوەندارێتی و گەشتکردن بێبەش بن.