لە هێرشێکی خۆکوژیی داعشدا لە دێرەزووری سووریا ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی سووریا کوژرا

 
رووداو دیجیتاڵ

میدیای فەرمیی سووریا دەڵێت، رۆژی هەینی لە هێرشێکی خۆکوژیی داعشدا بۆسەر یەکێک لە بازگە ئەمنییەکان لە شاری مەیادینی رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، پۆلیسێک کوژراوە.
 
ئاژانسی دەنگوباسی فەرمیی سووریا (سانا) بڵاویکردەوە، هێرشکارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراوە.
 
سانا رایگەیاند، "خۆکوژێکی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش هێرشی کردووەتە سەر بازگەی سیاسییە" لە شاری مەیادینی پارێزگەی دێرەزووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە.
 
میدیا فەرمییەکەی حکومەتی سووریا بڵاویکردووەتەوە، "هێزەکانی نێو بازگەکە یەکێک لە هێرشکارەکانیان کوشت، بەڵام دووەمیان خۆی تەقاندەوە؛" هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە کە "لە هێرشە خۆکوژییەکەدا ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ شەهید بوو."
 
داعش لە ساڵی 2014دا دەستی بەسەر ناوچەیەکی بەرفراوانی سووریا و عێراقدا گرت، دواتر لە ساڵی 2019دا لە رووی جوگرافییەوە لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان تێکشکێندرا، بەڵام لەو کاتەوە شانە نووستووەکانی لە ناوچە دوورەدەستە بیابانییەکاندا ماونەتەوە و هێرشی پچڕپچڕیان ئەنجامداوە.