هەسەدە: نیشانەکان دەریدەخەن داعش توانای زیانگەیاندنی هەیە

 
رووداو دیجیتاڵ

هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە هۆشداری لەبارەی سەرهەڵدانەوەی داعش دەدات و دەڵێت، "سەرەڕای ئەو زیانە گەورانەی تووشی بوو، داعش هێشتا هەوڵ دەدات ریزەکانی خۆی رێکبخاتەوە."
 
فەرماندەیی هەسەدە ئەمڕۆ دووشەممە 22ی ئەیلوول، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، لەدوای سەرهەڵدانی قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011 و ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لەگەڵ خۆیدا هێنای، رێکخراوە تووندڕۆکان و لە سەروویانەوە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، بە سوودوەرگرتن لە دۆخی ئاژاوەگێڕی، پەرەیان سەند و بوونە هەڕەشەیەکی جیدی بۆ گەلانی ناوچەکە، کوشتن و وێرانکاری و ئاوارەییان بڵاوکردەوە؛ ئەمەش گۆڕا بۆ مەترسییەکی جیهانی کە سنوورەکانی سووریا و ناوچەکەی تێپەڕاند، تاوانگەلێکی کرد کە مرۆڤایەتی لە ئاستیاندا شەرمەزارە.
 
هەسەدە: هاوشانی هاوپەیمانان ئاڵۆزترین شەڕمان کرد
 
هەسەدە دەڵێت، "لە بەرامبەر ئەم هەڕەشەیەدا، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە بەشدارییەکی کارا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە، یەکێک لە ئاڵۆزترین شەڕەکانی سەردەم دژی تیرۆریان بەڕێوەبرد. لەدوای شەڕی کۆبانێ کە خاڵی وەرچەرخان بوو، بە تێپەڕین بە ئازادکردنی رەققە، پایتەختی ئەو خەلافەتە خەیاڵییەی بانگەشەی بۆ دەکرا و، گەیشتن بە شەڕی باغۆز دوایین قەڵای تیرۆر رووخا."
 
دەشڵێت، "ئەو ئۆپەراسیۆنە بەردەوامانەی دوای ئەوە لە دێرەزوور و حەسەکە و سەرجەم ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا کران، شەڕڤانانمان ئیرادەیەکی پۆڵایین و توانایەکی بێوێنەیان نیشاندا کە بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەکانی رێکخراوەکە و وشککردنی زۆربەی سەرچاوەکانی، لەوانەش کۆتاییهێنان بە دەوڵەتە خەیاڵییەکەی."
 
داعش سوود لە دۆخی ناجێگری ئێستای سووریا وەردەگرێت
 
هێزەکانی سووریای دیموکرات نایشارێتەوە کە داعش هەوڵی خۆ رێکخستنەوە دەدات، "سەرەڕای ئەو زیانە گەورانەی تووشی بوو، داعش هێشتا هەوڵدەدات ریزەکانی خۆی رێکبخاتەوە، بە سوودوەرگرتن لە دۆخی ناجێگیری ئێستا لە زۆربەی ناوچەکانی سووریا و،  هەندێک ژینگەی ناسەقامگیر لە ناوچەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵی ئێمە."
 
"ئۆپەراسیۆنە ئەمنی و سەربازییە تایبەتەکانی هێزەکانمان، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، تاوەکو ئێستا رێگەیان لە گەڕانەوەی گرتووە و دەیان هەوڵیان شکستپێهێناوە کە ئاسایش و سەقامگیری گەلانی ئێمەیان دەکردە ئامانج،" ئەمەش وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە.
 
"داعش لە 10 مانگدا 153 هێرشی کردووە"
 
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، لە بەشێکی راگەیێندراوەکەیدا ئاماری هێرشەکانی داعش بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، "لە دوای رووخانی رژێمی بەعس، لە 8ی کانوونی یەکەمی 2024 تاوەکو 20ی ئەیلوولی ئەم ساڵ، شانەکانی رێکخراوەکە 153 هێرشیان لە ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا کردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەوڵدان بۆ رێکخستنەوە و فراوانکردنی مەودای جموجۆڵەکانیان."
 
"لەدوای کۆتاییهاتنی خەلافەتە هەرێمییەکە لە شەڕی باغۆز لە 2019، شێوازی کاری داعش لە "رێکخراوێکی دەوڵەتی" یەوە گۆڕا بۆ شانە و گرووپی چەکداری، ئەمەش ژمارەی هێرشە نێوخۆیی و تیرۆریستییەکان و ئۆپەراسیۆنەکانی وەرگرتنی نهێنی زیاد کرد. پاش کەمبوونەوەیەکی روون لە ساڵانی 2020-2024، نیشانەکانی هێرشە تیرۆریستییەکان و تووندوتیژییەکان لە ساڵی 2025 بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کرد."
 
هەسەدە: 95 ئەندامی داعش دەستگیرکراون کە 3یان سەرکردە بوون
 
هەسەدە دەڵێت، "بە هاوئاهەنگی بەردەوام لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بە پاڵپشتی هێزەکانی، هێزەکانمان لە ماوەی دە مانگی رابردوودا، زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی مەیدانی و پێشوەختەیان ئەنجامدا کە بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی شانەکان و،  دەستگیرکردنی دەیان گومانلێکراو و،  پووچەڵکردنەوەی دەیان پیلانی هێرشکردن، ئەمەش کاریگەریی لەسەر کەمکردنەوەی توانای رێکخراوەکە بۆ ئەنجامدانی هێرشی گەورە هەبوو."
 
هەسەدە ئەنجامی ئۆپەراسیۆن و کێوماڵکردنەکانیان دژی داعش ئاشکرا دەکات و دەڵێت، "هێزەکانمان بە پێکهاتە سەربازییە جیاوازەکانیانەوە بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، 70 ئۆپەراسیۆنیان کردووە، لەوانەش سێ ئۆپەراسیۆنی گەڕان و پشکنینی فراوان، کە تێیدا 95 تیرۆریستیان دەستگیرکرد کە سێیان سەرکردە بوون، هەروەها لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکاندا شەش تیرۆریستیان کوشت کە دووانیان سەرکردە بوون و، دەست بەسەر بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی و ناسنامەدا گیرا."
 
هەسەدە: 30 شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە و 12ی دیکە برینداربوون
 
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، باسی زیانەکانی ئەو ئۆپەراسیۆنانە دەکات و دەڵێت، "لە کاتی هێرشە تیرۆریستییەکانی داعش دا، 30 شەڕڤانمان شەهید بوون و 12ی دیکەش بریندار بوون، هەروەها 6 هاووڵاتیش شەهید بوون."
 
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات چەند خاڵێکی خستووەتە روو کە ئەمانەن: 
 
بەردەوامیی شەڕ دژی داعش
 
مەترسیی رێکخراوەکە هێشتا کۆتایی نەهاتووە و، هێشتا هەڕەشەیەکی جیدییە لەسەر ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی.
 
گرنگیی هاوبەشی نێودەوڵەتی
 
هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هۆکارێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ رێگریکردن لە گەڕانەوەی داعش و،  داوای پاڵپشتیی زیاتری ئۆپەراسیۆن و لۆجستی دەکەین.
 
سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوە
 
بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تەنیا بە پڕۆژەکانی گەشەپێدان و خزمەتگوزاری تەواو سەردەگرێت کە هیوای گەلانی ناوچە ئازادکراوەکان دەگەڕێنێتەوە و، رێگە لە بیری تووندڕۆیی دەگرێت و ناتوانرێت بەبێ پاڵپشتییەکی نێودەوڵەتی جێگیر و درێژخایەن بەدەستبهێنرێن بەهۆی ئەو بارودۆخە سەختەی ناوچەکە پێیدا تێپەڕدەبێت بەهۆی قەیرانی بەردەوامی سووریاوە.
 
"نیشانە نوێیەکان دەریدەخەن کە داعش هێشتا توانای زیانگەیاندنی هەیە"
 
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، هۆشداری زیاتر لەبارەی توانای داعشەوە دەدات و دەڵێت، "نیشانە نوێیەکان ئەوە دەردەخەن کە داعش هێشتا هێزێکە توانای زیانگەیاندنی هەیە لە رێگەی هێرشی پەرشوبڵاو و پیلانی ئاڵۆزەوە، لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامە دەستگیرکراوەکانی رێکخراوەکە و خێزانەکانیان لە ناوچەکەمان دەستبەسەرن. لەسەر ئەم بنەمایە، پێویستییەکی بەپەلە هەیە بۆ بەردەوامیی گوشارەکان و هاوکاری نێودەوڵەتی بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم شەڕە بە شێوەیەکی یەکجاری و سەلامەت."