کۆمپانیای کۆنۆکۆفیلیپس بۆ رووداو: هەڵسەنگاندن بۆ کێڵگە نەوتییەکانی سووریا دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای کۆنۆکۆفیلیپسی ئەمریکی بۆ رووداوی پشتڕاستکردەوە، لەگەڵ کۆمپانیای نۆڤاتێرا ئینێرجی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی پابەندنەکەریان لەگەڵ حکومەتی سووریا واژۆ کردووە.
کۆمپانیاکە رایگەیاند، ئامانج لەم رێککەوتنە هەڵسەنگاندنی زانیارییە بەردەستەکانە لە چەند بلۆکێکی دیاریکراوی نەوت و گاز، ئەوەش بە مەبەستی پەرەپێدانی ئەگەریی کێڵگە گازییەکانی ئێستا و گەڕان بەدوای کێڵگەی نوێی گازی سرووشتی.
دێنیس نەس، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی راگەیاندن و قەیرانەکان لە کۆنۆکۆفیلیپس لە وەڵامی ئیمەیڵێکی بەشدار موزەفەر، ئیدیتۆری دێسکی نێودەوڵەتیی رووداو، جەختی لەوە کردەوە کە تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی وەبەرهێنان نەدراوە و هەر بڕیارێکی لەو شێوەیە لە داهاتوودا پێویستی بە هەڵسەنگاندنێکی وردی تەکنیکی و ئابووری دەبێ.
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆمپانیا ئەمریکییەکە دڵنیاییدا، "چالاکییەکانی پەرەپێدانی کاری کۆمپانیاکەمان بەپێی سەرجەم ياسا و رێنماییە کارپێکراوەکان بەڕێوەدەچن."
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە، وەزارەتی وزەی سووریا هەفتەی رابردوو رایگەیاند، کۆمپانیای نەوتی سووریا لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای کۆنۆکۆفیلیپس و نۆڤاتێرا یاداشتێکی بۆ فراوانکردنی هاوئاهەنگی لە کەرتی گازی سرووشتی واژۆ کردووە.
بەهۆی وێرانبوونی ژێرخانی وزە لە 14 ساڵی شەڕی ناوخۆدا، بەرهەمهێنانی گازی سرووشتیی نێوخۆیی سووریا لە 8.7 ملیار مەتر سێجا لە ساڵی 2011ـەوە بۆ تەنیا 3 ملیار مەتر سێجا لە ساڵی 2023 دابەزیوە.
یوسف قەبەلاوی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی سووریا دەڵێت، یاداشتە نوێیەکە ئەو چاوەڕوانییە دروست دەکات کە بەرهەمهێنانی گاز لە ساڵێکدا رۆژانە 4 بۆ 5 ملیۆن مەتر سێجا زیادبکات، ئەمەش هەنگاوێکە بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی وزەی وڵاتەکە و جێبەجێکردنی بەڵێنی حکومەت بۆ باشترکردنی دابینکردنی کارەبا.
کۆنۆکۆفیلیپس، کۆمپانیایەکی گەورەی ئەمریکیی گەڕان و بەرهەمهێنانی وزەیە و کار لەسەر دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی نەوت و گاز دەکات. نۆڤاتێراش کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاریی پیشەسازییە و لە بوارەکانی ئەندازیاریی نەوت و گاز و بازرگانیی وزەدا کاردەکات.