وەزارەتی دادی سووریا پێداچوونەوە بە دۆسیەی زیندانییانی ئەقتان دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دادی سووریا دەڵێ، زیندانی ئەقتانیان لە پارێزگای رەققە وەرگرتووە و دەستیان کردووە بە "رێکارە یاساییەکان بۆ پێداچوونەوە بە دۆسیەی زیندانییەکان."
 
رۆژی هەینی 23-01-2026 وەزارەتی دادی سووریا بڵاویکردەوە، دوای کۆتاییهاتنی پڕۆسەی رادەستکردنی زیندانەکە و چوونەدەرەوەی هێزەکانی هەسەدە، "لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان زیندانەکەیان وەرگرتووە."
 
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی "سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و گەڕانەوەی دامەزراوەکانە بۆ سەر کارەکانیان بەپێی یاسا."
 
وەزارەتی دادی سووریا باسی لەوە کردووە، دڵنیایی دەدەن لە پاراستنی گیان و ئاسایشی زیندانییەکان و هەموو رێکارێکی پێویست دەگرنەبەر بۆ گەرەنتیکردنی مافە مرۆیی و یاساییەکانیان؛ ئەوەشی خستەڕوو کە "پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک خۆراک، ئاو و دەرمان بۆ زیندانییەکان دابینکراوە و هەموو رێکارەکان لەگەڵ پێوەرە دادوەرییەکاندا یەکدەگرنەوە."
 
وەزارەتەکە بڕیاری پێکهێنانی چەند لیژنەیەکی دادوەریی تایبەتی دا، کە ئەرکیان "لێکۆڵینەوە لە دۆخی یاسایی هەموو زیندانییەکان و وردبینیکردنی دۆسیەکانیانە." 
 
وەزارەتی دادی سووریا دەڵێت، "ئامانجی ئەم لیژنە دادوەرییانە بریتییە لە بڕیاردانی خێرا لەسەر دۆسیەکان بەپێی رێسا یاساییەکان، بە جۆرێک دادپەروەری و سەروەریی یاسا لە ناوچەکەدا بچەسپێنێت."
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی دادی سووریا دڵنیایی داوەتە کەسوکاری زیندانییەکان، لیژنەکان "دەستبەجێ دەستیان بە کارەکانیان کردووە و بە بەرپرسیارێتی و شەفافییەتەوە بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسیەیە دەکەن، تاوەکو متمانەی هاووڵاتییان بە دامەزراوە دادوەرییەکان زیاتر بێت."
 
ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت، سوپای عەرەبیی سووریا یاوەریی دەیان شەڕڤانی کرد کە ئەرکی پاراستنی زیندانەکەیان لە ئەستۆ بوو، تاوەکو گەیاندنیان بە دەوروبەری شاری کۆبانی، ئەوەش وەک "یەکەم هەنگاوی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 18ی کانوونی دووەم."