بەرپرسێکی سووریا: هەسەدە وەڵامی پلانی تێکەڵکردنی نەداوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای حکومەتی سووریا بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندووە، سەرکەوتنی گفتوگۆکان لەبارەی گواستنەوەی شەڕڤانان لە زیندانی ئەقتان، هیوای ئەوەی دروستکردووە لە رۆژی شەممەوە دۆخەکە لەگەڵ دیمەشق بەرەو چارەسەر بچێت، نەک دەستپێکردنەوەی شەڕ و پێکدادان.
شەممە رۆژێکی گرنگە، چونکە ئەو مۆڵەتە چوار رۆژییە کۆتایی دێت کە دیمەشق بە هەسەدەی دابوو بۆئەوەی پلانێک بۆ تێکەڵکردنی شەڕڤانان بە سوپای سووریا پێشكێش بکات.
بەرپرسە سوورییەکە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە رۆیتەرزی گوتووە، دوای ئەوەی شەڕڤانان بە سەلامەتی و بە رێککەوتن لە زیندانی ئەقتان لە رەققەوە گوێزرانەوە بۆ کۆبانی، هیوایەک دروستبووە کە "مۆڵەتی رۆژی شەممە بەرەو چارەسەری سیاسی بچێت، نەک دەستپێکردنەوەی شەڕ و پێکدادان."
بەرپرسەکە هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، "حکومەت تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکی فەرمیی لە هەسەدەوە پێنەگەیشتووە سەبارەت بە وردەکاریی پلانی تێکەڵکردنی هێزەکان لەنێو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، "هەسەدە تاوەکو ئێستا ناوی بەربژێری خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری وەزیری بەرگری پێشکێش نەکردووە،" کە بڕیاربوو وەک بەشێک لە رێککەوتنی 18ی کانوونی دووەم دیاری بکرێت.
سەبارەت بە وادەی ئاگربەستە لەرزۆکەکەی نێوانیان، بەرپرسە باڵاکەی سووریا جەختی کردەوە، "تاوەکو ئێستا هیچ گفتوگۆیەک بۆ درێژکردنەوەی مۆڵەتە چوار رۆژییەکە لە ئارادا نییە، کە بڕیارە رۆژی شەممە 24-01-2026 کۆتایی بێت."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ هەینی وەک هەنگاوی یەکەمی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان، سوپای سووریا زیندانی ئەقتانی لە رەققە وەرگرت و پۆلیسی دیمەشق یاوەریی شەڕڤانانی هەسەدەی کرد بۆ پاشەکشەکردن بەرەو شاری کۆبانی. لە لایەکی دیکەوە، هەسەدە و دیمەشق لە ژێر گوشاری نێودەوڵەتیدان بۆ ئەوەی پێش تەواوبوونی مۆڵەتەکە، بگەنە رێککەوتنێکی کۆتایی تاوەکو رێگری لە هەڵگیرسانەوەی شەڕ لە پارێزگای حەسەکە و کۆبانی بکرێت.