هاکان فیدان: دەبێت کورد لە سووریا مافی هاووڵاتیبوونی پارێزراو بێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، دۆخی سووریا دوای رووخانی بەشار ئەسەد بەرەو "ئاڕاستەیەکی ئەرێنی" دەڕوات. ئاماژە بەوەش دەکات، دەبێت کورد لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوودا ببێتە خاوەنی مافی تەواوی هاووڵاتیبوون، بێ ئەوەی لەژێر هەژموونی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)دا بێت.
لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ بەرنامەی "ئۆن زە ریکۆرد" کە لە ژمارەیەک دەزگای میدیایی نێودەوڵەتی پەخش دەکرێ، پاڵپشتیی ئەنقەرەی بۆ حکومەتی کاتیی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع دووپاتکردەوە.
فیدان ئاماژەی بەوە کرد، لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدەوە هاوئاهەنگییەکی خێرا لەنێوان تورکیا، ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپادا دروستبووە بۆ دیاریکردنی چوارچێوەیەکی روون بۆ هەر حکومەتێک کە لە دیمەشق دەسەڵات دەگرێتە دەست.
وەزیری دەرەوەی تورکیا چوار مەرجی سەرەکی بۆ حکومەتی نوێی سووریا دیاریکرد، "نابێت ببێتە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، نابێت هاوکاریی رێکخراوە تیرۆریستییەکان بکات، نابێت کەمینە نەتەوەیی و ئاینییەکان بچەوسێنێتەوە و دەبێت یەکپارچەیی خاکی سووریا بپارێزێ."
فیدان گوتیشی، "ئەحمەد شەرع و تیمەکەی ئەم مەرجانەیان قبووڵە و تاوەکو ئێستا کارەکانیان جێگەی رەزامەندییە."
"سەرکەوتنێکی گەورە بۆ ئاسایشی تورکیا"
سەبارەت بە پرسی کورد و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا، هاکان فیدان گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە و سیاسەتی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی بە "سەرکەوتنێکی گەورە" بۆ ئاسایشی تورکیا ناوبرد.
هاکان فیدان رەخنەی لە سیاسەتی ئیدارەی باراک ئۆباما گرت بەهۆی هاوکاریکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە شەڕی دژی داعش و گوتی، "ناکرێ دێوەزمەیەک بە دێوەزمەیەکی دیکە لەنێو ببەیت." ئاماژەی بەوەش کرد کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا خەریکی راستکردنەوەی ئەو "هەڵە مێژووییەی" سیستمی ئەمریکایە.
"کورد بەشێکە لە سووریا، نەوەک کەمینەیەکی پەراوێزخراو"
هاکان فیدان رەتیکردەوە کە "هەسەدە" و "یەپەگە" تاکە نوێنەری کورد بن لە سووریا و رایگەیاند: "پەکەکە زیاتر لە 12 پارت و لایەنی سیاسیی کوردیی دیکەی پەراوێزخستووە یان دەربەدەر کردووە."
وەزیری دەرەوەی تورکیا داوای کرد کوردانی سووریا بە "شکۆ و ئاسایشەوە" وەک بەشێک لە سووریای یەکگرتوو بژین و مافی هاووڵاتیبوونیان هەبێت، هاوشێوەی ئەو مافانەی لە دەستووری تورکیادا بۆ هاووڵاتییان دابینکراوە.
هاکان فیدان وەبیریهێنایەوە کە پێشتر رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوشاری لە بەشار ئەسەد کردبوو بۆ ئەوەی ناسنامە بداتە کوردانی بێ ناسنامە لە سووریا، بەڵام ئەسەد رەتیکردبووەوە. فیدان دەڵێت: "ئێستا حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع خەریکی راستکردنەوەی ئەو هەڵە مێژووییانەیە."
فیدان رایگەیاند، تورکیا رۆڵێکی ئەرێنی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەگێڕێ و پشتیوانی لە بەڕێوەبردنێکی گشتگیر لە سووریا دەکات کە تێیدا کورد وەک هاووڵاتیی یەکسان و دوور لە کاریگەریی پەکەکە بەشداری بکەن.