ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان: چووینە نێو کەمپی هۆل

 
رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، توانیویانە بچنە نێو کەمپی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان و دەستیان بە دابەشکردنی هاوکارییەکان کردووەتەوە.
 
ئاژانسەکە رۆژی هەینی 23-01-2026 بڵاویکردەوە، سەرەتا بەهۆی ناجێگیریی دۆخی ئەمنییەوە نەیانتوانیوە بچنە نێو کەمپەکە، بەڵام دواتر "بە یاوەریی بەرپرسانی حکومەتی سووریا، توانیمان بچینە نێو کەمپی هۆل."
 
ئاژانسەکە رایگەیاندووە، "گەیاندنی پێداویستییە سەرەکییەکان دەستیپێکردووەتەوە، لەنێویاندا بارهەڵگرەکانی تایبەت بە گواستنەوەی نان."
 
کەمپی هۆل لە چەندین ساڵی رابردوودا لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەدا بوو، بەڵام چەند رۆژێک لەمەوبەر و لەکاتی هێرشی سوپای عەرەبی سووریادا شەڕڤانان لە سنوورەکە کشانەوە و سوپای سووریا چووە نێو کەمپەکە. 
 
زیاتر لە 20 هەزار کەس لە کەمپی هۆلن کە زۆربەیان ژن و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعشن و خەڵکی چەندین وڵاتی جیاوازن.