سووریا: ئەگەر تورکیا سوپاکەی نەکشێنێتەوە، پەیوەندییەکانمان لەگەڵیدا ئاسایی ناکەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی سووریا دەڵێت، سووریا ئامادە نییە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دوژمنەکانی ئاسایی بکاتەوە. دەشڵێت: "بەو مەرجە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا ئاسایی دەکەینەوە، سوپاکەی لە وڵاتەکەمان بکشێنێتەوە."
رۆژی سێشەممە، 23ـی ئایاری 2023، فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سووریا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای رووسی لە دیمەشقی پایتەختی وڵاتەکەی لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ تورکیا رایگەیاند: "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دوژمنەکانمان ئاسایی ناکەینەوە؛ پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتێک ئاسایی ناکەینەوە کە خاکی سووریای داگیرکردووە. تەنیا بە کشاندنەوەی سوپای تورکیا، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەو وڵاتە ئاسایی دەکەینەوە. کاتێک وڵاتێک دەیەوێت بەرگری لە خاک و سەربەخۆیی خۆی بکات، دەبێت لەنێوخۆی وڵاتەکەی خۆی ئەوە بکات نەوەک لەسەر خاکی وڵاتێکی دیکە."
فەیسەڵ میقداد ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتی سووریا لە شەڕی ئۆکراینا، پشتگیریی رووسیا دەکات و رایگەیاند: "ئێمە پشتگیری لە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەکەین، پێمانوایە ئەوەی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و سەرکردایەتیی رووسیا کردوویانە شایەنی دەستخۆشی و بەرزنرخاندنە."
وەزیری دەرەوەی سووریا راشیگەیاند کە سووریا لەدوای دووبارە ئەندامبوونی لە کۆمکاری عەرەبی، دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی ئاسایی بکاتەوە.
میقداد، لەبارەی پەیوەندییەکانی سووریا و سعودیە گوتی، ئەو پێشوازییەی محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، نیشانەی ئەوەیە کە پەیوەندییەکانمان ئاسایی بووەتەوە و گوتیشی: "کۆبوونەوەی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا و شازادەی جێنشینی سعودیە، کاردانەوەی پەیوەندییە مێژووییەکەی نێوان هەردوو وڵات بوو."
میقداد تۆمەتەکانی ئیسرائیلی بۆ تۆپبارانکردنی وڵاتەکەی لەلایەن ئیسرائیلەوە بە "درۆ" ناوبرد و رایگەیاند: "پێموایە ئەو تۆمەتانەی کە ئیسرائیل بۆ تۆپبارانکردنی سووریا بەکاریدەهێنێت درۆیە و داوا لە ئیسرائیل دەکەین تاوانەکان و دەستدرێژییەکانی بوەستێنێت."
ئەو گوتانەی وەزیری دەرەوەی سووریا لە کاتێکدایە، قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011 دەستیپێکرد و لەو کاتەوە زیاتر لە 350 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، قەیرانەکە بووەتە هۆی ئاوارە و دەربەدەربوونی ملیۆنان کەسی دیکە، بەگوێرەی ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2022، پێنج ملیۆن و 600 هەزار هاووڵاتیی سووریایی پەنابەر بوون.
بەشێکی وڵاتانی عەرەبی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا ئاساییکردووەتەوە و رۆژی یەکشەممە، 7-5-2023، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی، بڕیاریان دا کۆتایی بە هەڵپەساردنی ئەندامیێتی سووریا لە کۆمکارەکە بهێنن و لە دوایین لووتکەی کۆمکاری عەرەبی کە لە 19-5-2023، لە شاری جەدەی سعودیە بەڕێوەچوو، بەشار ئەسەد بەشداری کرد.