وەزیری دەرەوەی سووریا: یاسای قەیسەر بۆ ئەوەیە خەڵکەکەمان لەبرسا بمرن
رووداو - هەولێر
وەزیری دەرەوەی سووریا سزا نوێیەکانی ئەمریکا لەسەر حکومەتی وڵاتەکەی بە "دوایین چەک" لە دژی سووریا ناودەبات، پێشبینیش دەکات ئەو سزایانەی هیچ لەوانی پێشوو ئاسانتر نەبن.
وەلید موعەلیم، وەزیری دەرەوەی سووریا دەڵێ، ئەمریکا هەوڵدەدات خەڵکی وڵاتەکەی "لەبرسا بکوژێت" لەڕێگەی سەپاندنی سزای نوێ و کردنەوەی دەرگای وڵاتەکە بەڕووی "تیرۆردا".
بە گوتەی وەزیری دەرەوەی سووریا، ئەوان دەتوانن بە هاوکاریی هاوپەیمانەکانیان لەگەڵ یاسای قەیسەر خۆیان رابێنن و دەشڵێ، سزاکان دەبنە بەربەست بەڵام زاڵبوون بەسەریاندا مەحاڵ نییە.
یاسای قەیسەر بەناوی خوازراوی ئەو پۆلیسەوە ناونراوە کە وێنەی هەزاران قوربانیی ژێر ئەشکەنجەی حکومەتی بەشار ئەسەدی بڵاوکردەوە. یاساکە دوایین و تووندترین سزاکانی ئەمریکا بەسەر حکومەتی سووریا و هەموو ئەو دامەزراوە و کەسانە دەسەپێنێت کە لەگەڵیدا مامەڵە دەکەن یان پشتگیریی هێزە چەکدارەکانی دەکەن.
وەلید موعەلیم رایگەیاندووە "ئەم کەمپەینە هیچ لەوانی پێش خۆی ئاسانتر نابێت، چونکە ئەوان وەکو دوایین چەکیان لە دژی سووریا بەکاریدەهێنن. ئەوە هەوڵێکە بۆئەوەی راستەوخۆ قوتی خەڵکی سڤیلی سووریا و توانای حکومەت بۆ پاراستنی پێداویستییەکانیان بکەنە ئامانج؛ ئەوەش بەمانای ئەوەیە کە ئامانجی راستەقینە، لەپاڵ لەبرسا کوشتنی خەڵک و ناسەقامگیرکردنی سووریا، کردنەوەی دەرگاکانە بۆ گەڕانەوەی تیرۆر هاوشێوەی ساڵی 2011".
یاساکە چەند داواکارییەکی بەهێز لەسەر یارمەتیی مرۆیی لەخۆدەگرێت، جەیمس جێفری، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا دەڵێ "نیازمان نییە هیچ شتێک بە ئامانج بگرین کە یارمەتیی مرۆیی بگەیێنێتە هەر شوێنێکی سووریا، لەنێویشیاندا ناوچەکانی ژێردەستی رژێم. لەپاڵ هەوڵەکانمان بۆ جێبەجێکردنی ئەو یاسایە، یەکەم شت کە ئێمە بیکەین ئەوەیە کە دڵنیابین لەوەی بەشێوەیەکی زیاتر و باشتر هاوکاری و پێداویستییە مرۆییەکانی سووریا بکەین، جگە لەو 10 ملیار و 600 ملیۆن دۆلارەی کە پێشتر بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکرابوو. ئێمە نەک تەنها هیچمان نەکردووە بۆ وەستاندنی هاوکاریی مرۆیی بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رژێم، بەڵکو لەڕاستیدا هاوکاریشیان پێ دەدەین".
رۆژی 17ی ئەم مانگە، یاسای قەیسەر چووە بواری جێبەجێکردنەوە و کۆمەڵێک کەسایەتی و لایەنی حکومەتی سووریا و هاوپەیمانەکانی سزای داراییان خرایەسەر، لەنێویشیاندا، بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا و هەندێک لە ئەندامانی خێزانەکەی.