ئەندامێکی شاندی دانوستاندنکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ رووداو: دیمەشق دەیەوێ دامەزراوەکانمان هەڵبوەشێنێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی شاندی دانوستاندنکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ دیمەشق دەڵێ، حکومەتی سووریا دەیەوێ سەرجەم دامەزراوە سڤیل و ئەمنییەکانیان هەڵبوەشێنێتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دانوستاندنەکان وەستاون، دوای ئەوەی دیمەشق رەتیکردەوە گەڕێکی نوێی گفتوگۆ لە پاریس بەڕێوەبچێ.
سەنحاریب بەرسوم، کە هاوکات سەرۆکی پارتی یەکێتیی سریانییە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، شاندی دانوستاندنکار هەوڵ دەدات سەرجەم پێکهاتەکانی کۆمەڵگە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە دوایین پێشهاتەکانی گفتوگۆ ئاگادار بکاتەوە، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بە کۆبوونەوەی رۆژی هەینی لە حەسەکە لەگەڵ نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.
سەنحاریب بەرسوم گوتی: "ئەوەی لە گەڕی پێشووی دانوستاندنەکاندا دەرکەوت ئەوەیە کە دیمەشق ئارەزووی هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم دامەزراوە مەدەنی، ئەمنی و سەربازییەکان دەکات. ئەوان بەم شێوەیە سەیری بڕگەی تێکەڵکردنی دامەزراوەکان دەکەن کە لە رێککەوتنی 10ی ئاداردا هاتووە. ئەوە تێگەیشتنی ئەوانە، بەڵام ئێمە تێگەیشتنی دیکەمان بۆ تێکەڵکردن هەیە و هێشتا ناکۆکی لەسەرە."
ئەندامەکەی شاندی دانوستاندنکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ دیمەشق گوتی: "پێمان وایە تێکەڵکردنی دامەزراوەکان واتە بەستنەوەی ئەم دامەزراوانە بەو دامەزراوانەی هاوتایانن لە دیمەشق، بەبێ ئەوەی هەڵبوەشێندرێنەوە. ئەو ناناوەندییەی ئێمە داوای دەکەین بەو شێوەیەیە کە دامەزراوەی هەڵبژێردراو لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە هەبن و نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتەکان و ویستی گەلان بکەن."
سەنحاریب بەرسوم رایگەیاند: "پرەنسیپی سەرەکیی ئێمە چارەسەری ئاشتییانەی سیاسییە لە رێگەی دانوستاندنەوە. هیچ بژاردەیەکی دیکە جگە لەم بژاردەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەر نییە."
"سیستمی ناوەندی رەتدەکەینەوە"
سەنحاریب بەرسوم ئاماژەی بەوەکرد، شێوازی سیستمی بەڕێوەبردنی داهاتوو یەکێکە لە ئاڵۆزترین خاڵەکانی دانوستاندن و گوتی: "جیاوازی هەیە لەنێوان ئەو ناناوەندییەی ئێمە دەمانەوێ و ئەوەی دیمەشق دەیەوێ. ئێمە سیستمی ناوەندی و ناناوەندی کارگێڕی رەتدەکەینەوە کە ئەوەی دووەمیان لە سەردەمی ئەسەد دا بەپێی یاسای 107 کاری پێدەکرا، چونکە دەسەڵاتەکانی سنوورداربوون و رووبەڕووی دەستوەردانی زۆری ناوەند دەبووەوە."
سەنحاریب بەرسوم گوتی، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر خوازیاری مۆدێلێکی تەواو نوێیە و رایگەیاند: "ئێمە وەک سووریاییەکان بەدوای مۆدێلێکی نوێدا دەگەڕێین کە خواست و ویستی هەموو گەلانمان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و ناوچەکانی دیکە پیشان بدات کە خوازیارن دەسەڵاتیان لە ناوچەکانی خۆیاندا هەبێت، بتوانن کاروباری خۆیان بەڕێوەببەن و نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن بەبێ دەستوەردان و دانان کە لە دیمەشقەوە بسەپێندرێت."
ئەندامەکەی شاندی دانوستاندنکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ دیمەشق رایگەیاند، مۆدێلی ئێستای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بنەمایەکە و دەستبەرداری نابن و گوتی: "ئێمە مۆدێلی خۆمانمان هەیە کە زیاتر لە 10 ساڵە جێبەجێی دەکەین، دەتوانین گۆڕانکاری تێدا بکەین، بەڵام ناکرێت بگەڕێینەوە بۆ دواوە یان بۆ سیستمی بەڕێوەبردنی ناوەندی."
پرۆگرامی خوێندنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر "بەردەوام دەبێت"
سەبارەت بە دۆسیەی خوێندن، بەرسوم دانی بەوەدانا کە ئەوە دۆسیەیەکی لەپێشینەیە و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هیوادارە پێش ساڵی نوێی خوێندن چارەسەری بکات؛ گوتیشی: "بە شێوەیەکی گشتی، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پرۆگرامی خوێندنی تایبەت بە خۆی هەیە و بە دڵنیاییەوە لەسەری بەردەوام دەبێت."
ئەندامەکەی شاندی دانوستاندنکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ دیمەشق یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانیانی لەسەر مێزی گفتوگۆ ئاشکرا کرد و گوتی: "یەکێک لە داواکارییەکانمان لەنێو لیژنە هاوبەشەکەدا ئەوەیە کە دیمەشق دان بەو بڕوانامانەدا بنێ کە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەیاندات. ئەمەش لەنێو داواکارییە سەرەکییەکانماندایە و کاتێک دانوستاندنەکان دەستپێدەکەینەوە، رەنگە ئەم دۆسیەیە لە پێشینە بێت."
وەستاندنی دانوستاندنەکان
لەبارەی چارەنووسی دانوستاندنەکان لەگەڵ حکومەتی سووریا، بەرسوم گوتی: "لەم کاتەدا راگیراون، دوای ئەوەی دیمەشق ئەو گەڕەی دانوستاندنەکانی رەتکردەوە کە بڕیاربوو لە پاریس بکرێت. تاوەکو ئێستا کاتی گەڕی داهاتوو دیاری نەکراوە و چاوەڕێی وەڵامی دیمەشقین بۆ دیاریکردنی شوێن و کات."
لە کۆتاییدا گوتیشی: "بۆ ئێمە گرنگە دانوستاندنەکان دەستپێبکەنەوە و بەردەوام بن بۆ ئەوەی بگەینە رێککەوتنێک کە هەردوولا و گەلی سووریا لێی رازی بن. رەنگە رێککەوتنی 10ـی ئادار مۆڵەتێکی تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ دیاریکردبێ، بەڵام بەهۆی ئەم دواکەوتنەوە رەنگە نەتوانین هەموو ئەرکەکان لە مانگەکانی داهاتوودا تەواو بکەین. کێشەیەکی گەورە نییە، ئەگەر چەند مانگێکی دیکەش دوابکەوین لەپێناو گەیشتن بە چارەسەری تەواو کە سوودی بۆ گشتیی گەلی سووریا هەبێت".
لە 10ـی ئاداری 2025 دا ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رێککەوتنێکیان واژۆکرد کە ئاگربەست و تێکەڵکردنی هەسەدەی لەنێو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا دا لەخۆدەگرت، بە سوپای نیشتمانی و ئیدارە مەدەنییەکانەوە، هەروەها دڵنیاییدان لە مافەکان لەسەر بنەمای لێهاتوویی.