ئەحمەد شە‌رع لە ئەمریکا وەک "پاڵەوان" پێشوازی لێدەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

کەسێک ئەمەی نەدیبێت قورسە باوەڕی پێبکات. دوو پیاو کە رۆژانێک دوژمنی سەرسەختی یەکدی بوون، ئەمڕۆ وەک دوو هاوڕێی نزیک گفتوگۆ دەکەن. لە کۆبوونەوەیەک لە شاری نیویۆرک، سەرۆکی پێشووی سی ئای ئەی، دەیڤد پترایۆس، لەگەڵ ئەحمەد شە‌رع، سەرۆکی کاتیی سووریا، چاوپێکەوتنێکی دۆستانەی کرد.
 
لە دوژمنەوە بۆ هاوڕێ
 
ئەحمەد شە‌رع، کە پێشتر بە "ئەبوو محەممەد جۆلانی" ناسراو بوو و ئەمریکا بە یەکێک لە مەترسیدارترین تیرۆریستەکانی دنیا دایدەنا، ئێستا لەسەر شانۆی سیاسەتی نێودەوڵەتی بە شێوازێکی تەواو جیاواز دەردەکەوێت. ئەمریکا پێشتر 10 ملیۆن دۆلاری وەک خەڵات بۆ لەناوبردنی دیاریکردبوو.
 
لە دیدارەکەدا، دەیڤد پترایۆس بە روونییەوە گوتی: "هەوادارە زۆرەکانت، کە یەکێکیان منم، بۆت نیگەرانن." لە وەڵامدا، ئەحمەد شە‌رع گوتی: "جاران لە جەنگدابووین، ئەمڕۆ گفتوگۆ دەکەین." ئەم گۆڕانکارییە گەورەیە پرسیاری زۆری لای چاودێرانی سیاسی دروست کردووە.
 
پرسیارەکانی داهاتوو
 
لەبارەی ئەم پێشڤەچوونە، جەنگ سانگنیج، شرۆڤەکاری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بە رووداوی گوت: "بینینی ئەم پێشڤەچوونانە مێشک رادەگرن. هیوادارم ئەمە شەرعیەتدان نەبێت بە ئایدیۆلۆژیای توندڕەوی، بەڵکو میانڕۆکردنی ئایدیۆلۆژیای توندڕەوی بێت."
 
لە لایەکی دیکەوە، دکتۆر یاسر تەبارە، یەکێک لە دامەزرێنەرانی مونتەدای سووریا، رایگەیاند: "پێموایە، ئەگەر کەسێک هەبێت بتوانێت جۆرێک باڵانس و ئاسایش و پاراستن بۆ مافی کەمینەکان دابین بکات، لەوانەیە کەسێکی وەک سەرۆک شە‌رع بێت."
 
داهاتووی کورد
 
یەکێک لە گرنگترین پرسەکانی گفتوگۆکراو لە دیدارەکەدا، داهاتووی کوردانی رۆژئاوای کوردستان بوو. ئەم گەلە کە ئەمریکا بۆ شەڕی دژ بە تیرۆر پشتی پێبەست، ئێستا داهاتوویان لەگەڵ نزیکبوونەوەی پەیوەندییەکانی واشنتن و دیمەشق نادیارە.
 
حوسێن عەبدولحوسێن، شرۆڤەکار لە دامەزراوەی بەرگریکردن لە دیموکراسی، لەبارەی قسەکانی شە‌رعەوە سەبارەت بە کورد گوتی: "پێیوانییە کە جگە لەو کەس بتوانێت سەرکردایەتی سووریا بکات و دەیەوێت کورد چەکەکانیان دابنێن و لەڕووی سیاسییەوە بگەڕێنەوە بۆ ئەو سەردەمەی کە هیچ نەبوون. بەڵێنی مافیان وەک هاووڵاتی پێدەدات کە باشە، بەڵام ئەوە بەس نییە."
 
لە کۆتاییدا، لە نیویۆرک ئەحمەد شە‌رع بە چەپڵەڕێزان و وەک پاڵەوان پێشوازی لێکرا. ئیدی ئەوە سیاسەتە. وەک دەڵێن، لە سیاسەتدا نە دۆستی هەمیشەیی هەیە و نە دوژمن، تەنیا بەرژەوەندییەکان هەمیشەیین.