ئەو کچە کوردەی لە حەلەب رفێندرابوو بە پارە ئازاد کرا
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی 10 رۆژ لەمەوبەر کچێکی کورد بەناوی نورمان جەلال لەسەر رێگەی نێوان کۆبانێ و حەلەب رفێندرا، ئەمڕۆ بە پارە ئازادکرا.
دوای رفاندنی نورمان؛ مستەفا عادل، زاوای خێزانی نورمان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، 14ی ئەیلوول نورمان و هاوڕێیەکی بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان لە کۆبانێوە بەرەو حەلەب رۆیشتوون بۆ کڕینی هەندێک پێداویستی، پێش ئەوەی بگەنە حەلەب، لە بازگەیەکی حکومەتی سووریا رفێندراون.
کەسێک لە ماڵباتی نورمان ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە بەرامبەر 10 هەزار یۆرۆدا بۆ دوو چەکدار، ئەمڕۆ نورمان ئازاد کرا."
بەگوێرەی ماڵباتەکەی بۆ رووداو، "نورمان ئێستا لە نەخۆشخانەیەکی حەلەبە و چوار پەنجەی شکێندراون، لە هەوڵداین بۆ چارەسەر نورمان بگوازینەوە نەخۆشخانەی ئەڵمانی لە کۆبانێ."
بەگوێرەی کەسوکارەکەی، نورمان و فاتیمە لەلایەن "گرووپی چەکدارانی عەمشاتەوە رفێندراون."
لەبارەی چارەنووسی فاتمەوە، کە 13ی ئەیلوول لەگەڵ نورمان رفێندرابوو، هیچ زانیارییەک بەردەست نییە و کەسوکاری نورمانیش دەڵێن ئاگاداری ژیانی ئەو نین.
نورمان پێشتر لە ئەڵمانیا ژیاوە و بە سەردان گەڕاوەتەوە رۆژئاوای کوردستان و بڕیارە بگەڕێتەوە ئەڵمانیا.
ناسنامەی ئەو کەسانە روون نییە، کە دوو کچەکەیان رفاندووە و ئەوانەشی پارەیان وەرگرتووە.