لە سووریا هێرشکرایە سەر بنکەیەکی هاوپەیمانان
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی ئەمریکی رایدەگەیێنێت، ئەمڕۆ دووشەممە هێزێکی ئەمریکییەکان و هاوپەیمانان لە بنکەی سەربازیی تەنەف لە سووریا کراونەتە ئامانج، بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی و مادیی نەبووە.
رۆژی دووشەممە، 23ـی تشرینی یەکەمی 2023، بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سووریا هێرش کراوەتە سەر هێزە ئەمریکییەکان و هێزەکانی هاوپەیمان؛ هیچ کەسێک گیانی لەدەست نەداوە و هیچ کەسێکیش بریندار نەبووە".
دوای هێرشەکەی سەر بنکە سەربازییەکە، گرووپێکی چەکداری بەناوی "مقاوەمەی ئیسلامیی عێراقی" بەرپرسیاریێتی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند.
دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە 7ـی ئەم مانگە و پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل لەلایەن ئەمریکییەکانەوە، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بەردەوام هەڕەشەی ئەوە دەکەن لە هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بەئامانج دەگرن.
رۆژی 22-10-2023 سەرچاوەیەکی سەربازی لە بنکەی سەربازی عەین ئەسەد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ نزیکەی کاژێر 01:30، هێرشکرایە سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد".
لە 18ـی تشرینی یەکەمەوە، هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە ئەنبار، بنکەی ئاسمانیی هەریر لە شاری هەریری سەر بە پارێزگەی هەولێر و لە بنکەیەکی سەربازیی نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، رووبەڕووی هێرش بوونەتەوە.
لە کۆتایی ساڵی 2021، عێراق رایگەیاند ئەرکی هێزە شەڕکەرە بیانییەکان لە وڵاتەکەی کۆتایی هاتووە و ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی گۆڕاوە بۆ راوێژپێدان و مەشقپێکردنی هێزە نێوخۆییەکان. لەو چوارچێوەیەشدا، دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمریکی و هەزار سەربازی دیکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە سێ بنکەی سەربازی و ئاسمانیی عێراق و هەرێمی کوردستان ماون.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چەندینجار دووپاتیکردوەتەوە بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی لە ئیسرائیل دەکات بۆ سەرکەوتنی لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەدا کە تەلئەڤیڤ دەڵێت، ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە دەسەڵاتی حەماس.