هەسەدە: گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق خاڵێکی ئێمەیان کردە ئامانج
رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق، یەکێک لە خاڵەکانی هێزەکانمانیان لە شارۆچکەی غەرانیج لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور کردە ئامانج.
راگەیێندراوەکەی هەسەدە، کە یەکشەممە 23-11-2025 بڵاویکردووەتەوە دەڵێت: "لە پێشێلکارییەکی نوێدا، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق، لە کەناری رۆژئاوای رووباری فوراتەوە، بە شێوەیەکی راستەوخۆ یەکێک لە خاڵەکانی هێزەکانمانیان لە شارۆچکەی غەرانیج لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور کردە ئامانج."
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی هێزەکانی سووریای دیموکرات-هەسەدە، "هێرشەکە بووە هۆی برینداربوونی یەکێک لە شەڕڤانانمان بە سەختی و بۆ وەرگرتنی چارەسەر گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە."
رۆژی 16-11-2025، هەسەدە رایگەیاند، هێرشێکی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشقیان لە گوندەواری رۆژهەڵاتی رەققە تێکشکاندووە و هۆشداریی ئەوەشیان دا کە لەبەرامبەر دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە "دەستدرێژییانە دەستەوەستان نابن."
ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "هێزەکانمان لە بەرەی گوندی غانم عەلی لە گوندەواری رۆژهەڵاتی رەققە رووبەڕووی هێرشێکی لەناکاو بوونەتەوە" و ئاماژەی بەوەشکرد، گرووپە هێرشبەرەکان "درۆنی بۆمبڕێژکراو و چەکی قورسیان" بەکارهێناوە.
راگەیێندراوەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە وەڵامی هێزەکانیان "گونجاو بووە لەگەڵ سرووشتی دەستدرێژییەکەدا، لەگەڵ پابەندبوونی تەواو بە دانبەخۆداگرتن و رێگریکردن لە فراوانبوونی بازنەی پێکدادانەکان."
هەسەدە هۆشدارییەکی روونیشی دا و رایگەیاند: "لەبەرامبەر دووبارەبوونەوەی ئەم هێرش و وروژاندنانە دەستەوەستان نابین و رێوشوێنی گونجاو دەگرینەبەر بۆ پاراستنی ناوچەکانمان، هێزەکانمان و گەلەکەمان لە هەر هەڕەشەیەک."
لەبارەی ئەو لایەنانەی پشتیوانیی لەو گرووپانە دەکەن، هەسەدە داوای کرد "کۆنترۆڵیان بکەن و کۆتایی بە کردەوە نابەرپرسیارانەکانیان بهێنن، چونکە مەترسیی راستەوخۆ لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە دروست دەکەن."