سووریا هەژمارە بانکییەکانی سەر بە رژێمی ئەسەد سڕ دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
بانکی ناوەندیی سووریا فەرمان بە بانکە بازرگانییەکان دەکات هەژماری هەموو ئەو کەس و کۆمپانیایانە سڕ بکەن کە پەیوەندییان لەگەڵ حکومەتی پێشوودا هەبووە. 
 
بانکەکە هەروەها فەرمانی بە بانکە بازرگانییەکانی سووریا کردووە لەماوەی سێ رۆژدا زانیاریی لەبارەی هەژماری ئەو کەس و کۆمپانیایانەیان پێبدەن کە سڕیان کردوون.
 
یەکێک لەو کۆمپانیایانەی کە بانکی ناوەندیی سووریا فەرمانی کردووە هەژمارەکەی سڕ بکرێت، گرووپی قاترجییە. گرووپەکە لە سەردەمی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لە کەرتی نەوتی سووریا وەبەرهێنانی دەکرد و لەلایەن بەڕا قاترجی و حوسام قاترجییەوە بەڕێوەدەبرا. 
 
بەرا ساڵی رابردوو لە هێرشێکی ئاسمانیدا کوژرا کە گومان دەکرا لەوەی لەلایەن ئیسرائیلەوە کرابێتە ئامانج، بەڵام ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی لەوبارەوە نەداوە. 
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەتۆمەتی "ئاسانکاری بۆ هەناردەکردنی نەوت و پێدانی یارمەتی دارایی بە رژێمی سووریا" حوسام قاترجی و کۆمپانیاکانی خستووەتە لیستی سزاکانی.
 
پێناچێت بانکی ناوەندیی سووریا لەو کارەیدا بتوانێت ئامانجەکەی بپێکێت، لەبەرئەوەی زۆربەی کەسانی سەر بە رژێمەکەی ئەسەد، بەناوی کەسانی دیکە هەژماریان کردووەتەوە. 
 
دەسەڵاتی نوێی سووریا، ژمارەیەک بانکی سڕ کردووە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە و ژمارەیەکیان توانیویانە پارە لە هەژمارەکانیان رابکێشن.