ئیلهام ئەحمەد: جێگیرکردنی ئاگربەست بەردی بناخەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 18ی کانوونی دووەمە
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، جێگیرکردنی ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە کردە سەربازییەکان، بەردی بناخەی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی 18ی کانوونی دووەمە و گەرەنتیی گەڕانەوەیەکی ئارام بۆ ئاوارەکان دەکات.
رۆژی شەممە 24-01-2026 ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە ئێکس نووسی، لە رۆژانی رابردوودا بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە "چەندین گوند و شارۆچکە رووبەڕووی شەپۆلێکی گەورەی ئاوارەبوون بوونەوە، ئێستا هەمووان چاوەڕێی دەرفەتێکن بۆ گەڕانەوە بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان."
ئیلهام ئەحمەد باسی لەوەش کرد، "هاووڵاتییانی سڤیل بە شێوەیەکی زۆر خراپ بەم دۆخە کاریگەر بوون و پڕۆسەی خوێندن لەم زستانە سەختەدا پەکیکەوتووە." ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان بەردەوام دەبن لە هەوڵ و دەستپێشخەرییەکانیان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و ستایشی هەموو ئەو هەوڵە نیشتمانی و نێودەوڵەتییانەی کرد کە بۆ گەیشتن بە ئاشتی دەدرێن.
ئەم لێدوانەی ئیلهام ئەحمەد لە کاتێکدایە، مۆڵەتی ئاگربەستە چوار رۆژییەکە ئەمڕۆ شەممە 24-01-2026 کۆتایی دێت، هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە هەولێر و دیمەشق بە چڕی بەردەوامن بۆئەوەی رێگری لە هەڵگیرسانەوەی شەڕ بکرێت و میکانیزمی تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا جێگیر بکرێت.
رۆژی 18-01-2026 ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، گەیشتنە رێککەوتنێکی 14 خاڵی. ئەم رێککەوتنە دەڵێت، دەبێت هەسەدە تێکەڵ بە سوپای سووریا ببێت و دۆسیەی زیندانەکانی داعش و کێڵگە نەوتییەکان رادەستی دیمەشق بکرێت.
وەک ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی پێدا، دۆخی مرۆیی گەیشتووەتە ئاستی کارەسات. بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 134,000 کەس لە رۆژانی رابردوودا ئاوارە بوون، کە زۆربەیان دانیشتووی حەلەب، رەققە و دێرەزوور بوون و بەرەو حەسەکە و کۆبانی هەڵاتوون.
ئەم شەپۆلە لە کاتێکدایە، ناوچەکە لە ژێر کاریگەریی شەپۆلێکی بەفردایە. ئاوارەکان لە ناو قوتابخانەکاندا نیشتەجێ کراون، ئەمەش بووەتە هۆی پەککەوتنی پڕۆسەی خوێندن و نەبوونی پێداویستییەکانی گەرمکەرەوە و دەرمان.
شاری کۆبانی ئێستا لە ژێر گەمارۆیەکی تووندی سوپای عەرەبیی سووریادایە. لە 9 رۆژی رابردوودا هەموو رێگەکانی گەیشتنی سووتەمەنی و ئاو و نان بۆ ناو شارەکە بڕاون. کارەبا و ئینتەرنێت نەماوە و نانەواخانەکان لە کار وەستاون. ئەم دۆخە وایکردووە، جێگیرکردنی ئاگربەست ببێتە تاکە هیوای خەڵک بۆ ئەوەی رێڕەوێکی مرۆیی بکرێتەوە و هاوکارییان پێ بگات.