وەزارەتی بەرگریی سووریا: ئاگربەست لەگەڵ هەسەدە بۆ 15 رۆژی دیکە درێژکرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی سووریا رایگەیاند، ئەو ئاگربەستەی لە 20ی ئەم مانگەوە لەگەڵ هەسەدە رایگەیاندبوو، بۆ 15 رۆژی دیکە درێژ دەکرێتەوە، بۆ ئەوەی ئەمشەو کۆتایی نەیەت.
وەزارەتەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "لە هەموو ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی سوپای عەرەبیی سووریا، درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەست بۆ ماوەی 15 رۆژ رادەگەیێنین."
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانج لە درێژکردنەوەکە، "پشتیوانیکردنە لە ئۆپەراسیۆنی ئەمریکا بۆ گواستنەوەی زیندانییانی رێکخراوی داعش لە زیندانەکانی هەسەدەوە بۆ عێراق.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، ئاگربەستەکە تاوەکو 8ی شوبات بەردەوام دەبێت.
پێش ئەوەی ئاگربەستەکە درێژ بکرێتەوە، گرژییەکان لە زیادبووندا بوون. تەنیا چەند خوولەکێک پێش ئەوە، سوپای عەرەبیی سووریا زەنگی نزیکبوونەوەی هێرشی بۆ سەر حەسەکە و کۆبانێ لێدا.
سوپای سووریا هۆشداریی تووندی دابووە هەسەدە و رایگەیاندبوو، "لە کاژێرەکانی داهاتوودا رێڕۆی مرۆیی" دەکەنەوە و خوێندنەوە بۆ دۆخی حەسەکە دەکەن بۆ ئەوەی هەنگاوی داهاتوویان دیاری بکەن. هەروەها هەسەدە رایگەیاندبوو، حکومەتی دیمەشق بە دوای شەڕدا دەگەڕێت و دوو جار هێرشی کردووەتە سەریان.
دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عەرەبیی سووریا لە زنجیرە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی، هەسەدەی تۆمەتبار کردبوو بەوەی لە لایەن پەکەکەوە لە قەندیلەوە هێزی پشتیوانیی بۆ نێردراوە.
هەروەها رایگەیاندبوو کە هەسەدە "لە رێگەی گرتن و دەربەدەرکردن و ئەشکەنجەدانەوە، پێشێلکاری بەرامبەر ئەو خەڵکە دەکات کە بەرهەڵستی دەبنەوە".
دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای سووریا "هۆشداری" دایە هەسەدە کە"درێژە بە هەراسانکردن و بڵاوکردنەوەی درۆ و گرتەڤیدیۆی دەستکاریکراو نەدەن".
پێشتر ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا گوتبووی، دیمەشق گرژییەکان زیاد دەکات.
هەسەدە لە راگەیێندراوەکەیدا گوتی: "سەرەڕای واژۆکردنی رێککەوتنی ئاگربەست لەنێوان ئێمە و حکومەتی دیمەشق، بەڵام حکومەت بە شێوەیەکی سیستماتیک ئامادەکاریی سەربازی دەکات و گرژییەکان لە جزیرێ و کۆبانێ زیاتر دەکات".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی هەسەدە، هەر لە رۆژی شەممە هێزەکانیان لە هەرێمی جزیرێ رووبەڕووی "دوو هێرشی جیاواز" بوونەتەوە، کە بە گوتەی ئەوان "پێشێلکردنی ئاشکرای رێککەوتنی ئاگربەستە".
هەسەدە ئاماژەی بەوە کرد، جموجووڵی سەربازی و لۆجیستیی هێزەکانی سووریا بەدی کراون کە "نیازی روونیان بۆ پەرەسەندنی گرژییەکان و پاڵنانی ناوچەکە بەرەو رووبەڕووبوونەوەی نوێ هەیە، لەبری چارەسەری سیاسی".