دیمەشق و هەسەدە رێککەوتن؛ ئاگربەست بۆ 15 رۆژ درێژکرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای چەند کاژێرێک لە دەرکردنی راگەیێندراوی تووند لە دژی یەکدی، هەریەک لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و وەزارەتی بەرگریی سووریا درێژکردنەوەی ئاگربەستیان بۆ ماوەی 15 رۆژی دیکە راگەیاند؛ دیمەشق دەڵێت هۆکارەکە "گواستنەوەی زیندانییانی داعشە بۆ عێراق" و هەسەدەش دەڵێت "گفتوگۆ بەردەوامە".
رۆژی شەممە 24-01-2026، وەزارەتی بەرگریی سووریا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئەو ئاگربەستەی لە 20ـی ئەم مانگەوە لەگەڵ هەسەدە رایگەیاندبوو، بۆ 15 رۆژی دیکە درێژ دەکرێتەوە. شەممە دوایین رۆژی ئاگربەستەکە بوو.
بەڵام بەپێی راگەیێندراوەکە، ئاگربەستەکە تاوەکو 8ـی شوبات بەردەوام دەبێت.
هاوکات، ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا دووپاتیکردەوە: "لەکاتێکدا گفتوگۆکانمان لەگەڵ دیمەشق بەردەوامە، بە نێوەندگیریی نێودەوڵەتی رێککەوتن کرا لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەی 15 رۆژ".
هۆکاری جیاواز بۆ درێژکردنەوەکە
هەرچەندە هەردوولا لەسەر وادەکە کۆکن، بەڵام پاساوەکانیان جیاوازە؛ وەزارەتی بەرگریی سووریا دەڵێت ئامانج لە درێژکردنەوەکە "پشتیوانیکردنە لە ئۆپەراسیۆنی ئەمریکا بۆ گواستنەوەی زیندانییانی رێکخراوی داعش لە زیندانەکانی هەسەدەوە بۆ عێراق".
لەلایەکی دیکەوە، هەسەدە جەختی لە پابەندبوونی تەواوی خۆی بە رێککەوتنەکە کردووەتەوە و دەڵێت، ئامانجیان "کەمکردنەوەی گرژییەکان، پاراستنی ژیانی خەڵکی سڤیل و رەخساندنی دۆخێکی گونجاوە بۆ سەقامگیری".
خوولەکەکانی پێش رێککەوتن؛ هەڕەشەی هێرش و رێڕۆی مرۆیی
تەنیا چەند خوولەکێک پێش راگەیاندنی درێژکردنەوەی ئاگربەست، دۆخی نێوان هەردوولا گەیشتبووە لێواری تەقینەوە. سوپای سووریا زەنگی هێرشی بۆ سەر حەسەکە و کۆبانێ لێدابوو و هۆشداریی تووندی دابووە هەسەدە که "لە کاژێرەکانی داهاتوودا رێڕۆی مرۆیی" دەکەنەوە و "خوێندنەوە بۆ دۆخی حەسەکە دەکەن بۆ دیاریکردنی هەنگاوی داهاتوو".
لە بەرامبەردا، ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە بڵاویکردبووەوە کە هێزەکانی حکومەت "بەشێوەیەکی سیستماتیک ئامادەکاریی سەربازی دەکەن" و رایگەیاندبوو کە لە جزیرێ رووبەڕووی "دوو هێرشی جیاواز" بوونەتەوە، ئەوەشی بە "پێشێلکردنی ئاشکرای ئاگربەست" ناوبردبوو.
تۆمەتگۆڕینەوە
لە بەشێکی گرژییەکانی رۆژی شەممەدا، دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای سووریا، هەسەدەی بەوە تۆمەتبار کرد کە "لە رێگەی گرتن و دەربەدەرکردن و ئەشکەنجەدانەوە، پێشێلکاری بەرامبەر خەڵک دەکات" و بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە "هەسەدە لەلایەن پەکەکەوە لە قەندیلەوە هێزی پشتیوانیی بۆ نێردراوە".
هەسەدەش ئاماژەی بەوە کردبوو، جموجووڵی سەربازی و لۆجیستیی هێزەکانی سووریا "نیازی روونیان بۆ پەرەسەندنی گرژییەکان و پاڵنانی ناوچەکە بەرەو رووبەڕووبوونەوەی نوێ" ئاشکرا دەکات، لەبری چارەسەری سیاسی.
شەڕ و پێکدادان لە 6ی کانوونی دووەم بە هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی نێوەڕاستی شاری حەلەب دەستیان پێکرد. دواتر کاتێک حکومەتی راگوزەری سووریا لە 13ـی کانوونی دووەمەوە هێرشی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە دێرەزوور، رەققە و گوندەواری رۆژهەڵاتی حەلەب دەستپێکرد، گرژییەکان پەرەیان سەند.
هێزەکانی حکومەت لە حەلەب، دێرەزوور و رەقققە پێشڕەوییان کرد و شاری کۆبانێیان گەمارۆ داوە و چەند ناوەچەیکی گوندەواری حەسەکشیان کۆنترۆڵ کردووە.
رێکخراوە مرۆییەکان هۆشداری دەدەن کە دۆخێکی سەخت لە کۆبانێ دروستبووە. بەپێی ئامارەکان 150 بۆ 500 هەزار کەس لە شارەکەدا گەمارۆدراون و رووبەڕووی کەمبوونەوەی ئاو، کارەبا، خۆراک، دەرمان و سووتەمەنی بوونەتەوە. مانگی سووری کورد گیانلەدەستدانی منداڵانی بەهۆی سەرما و نەبوونی چاودێری پزیشکییەوە تۆمارکردووە.