کۆنگرێسمانێکی ئەمریکا: ترەمپ شەڕڤانانی خستووەتە بەردەم گورگ
رووداو دیجیتاڵ
فرانک پاڵۆن، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رەخنەی تووند لە دۆناڵد ترەمپ دەگرێت و دەڵێت، سەرۆکی ئەمریکا "دۆستێکی خراپە و هاوپەیمانەکانی لە سووریا خستووەتە بەردەم گورگەکان."
رۆژی شەممە 24ی کانوونی دووەمی 2026 فرانک پاڵۆن، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە ویلایەتی نیوجێرزی لەبارەی دۆخی سووریا و سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ترەمپ پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی ئێستای سووریا مایەی نیگەرانییە. هاوپەیمانە سەرەکییەکان لە شەڕی دژی تیرۆر خراونەتە بەردەم گورگەکان."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ئاماژە بەوەش دەکات، ترەمپ ناپاکی لە هاوپەیمانەکانی واشنتن دەکات و دەڵێت، "لە ناپاکیکردن لە هاوپەیمانانی ناتۆ کە یارمەتییان داین لە بردنەوەی جەنگی سارد و شانبەشانمان لە ئەفغانستان جەنگان، تاوەکو جێهێشتنی ئەو شەڕڤانانەی یارمەتییان داین داعش تێکبشکێنین، ترەمپ جار لەدوای جار ئەوە دەسەلمێنێت کە دۆستێکی خراپە."
فرانک پاڵۆن داوا دەکات ئیدارەی ترەمپ بە بەرپرسیار بزانرێ و دەڵێت، "دەبێت ئەم ئیدارەیە وەڵامی سیاسەتە دەرەکییە بێباکانەکەی بداتەوە."
هاوکات جۆش گۆتهایمەر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە ویلایەتی نیوجێرزی هۆشدارییەک ئاراستەی حکومەتی سووریا دەکات و دەڵێت، "نابێت دیمەشق بە هەڵە لە بڕیاری سووککردنی سزاکانی ئەمریکا تێبگات."
گۆتهایمەر لە ئێکس نووسیویەتی، "با روون بم؛ حکومەتی سووریا نابێت بە هەڵە لە ئاسانکارییەکانی ئەمریکا بۆ سزاکان تێبگات. هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئەو زیندانانەی چەکدارانی داعشیان تێدایە، یان هەر مەترسییەک بۆ سەر ئاسایشی هاوپەیمانە کوردە گرنگەکانمان و کەمینە نەتەوەییەکان، بە واتای پێشێلکردنی نێوەرۆکی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی قەیسەر دێت."
ئەو کۆنگرێسمانە ئەمریکییە داوا لە حکومەتی سووریا دەکات دەستبەجێ ئۆپەراسینە سەربازییەکانی رابگرێ، ئەگەر نا رووبەڕووی "سزای نوێی تێکشکێنەر" دەبێتەوە.
هاوکات ریک سانترۆم، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی: "کورد لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا شەڕە قورسەکەی دژی داعشی بۆ ئێمە کرد و دیموکراسییەکی فرە ئایینیی دامەزراندووە."
لەبارەی تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریاش دەڵێت: "لەپێناو تورکیادا ناپاکی لەوان [کورد]، کریستیانەکانی سووریا و وڵاتەکەمان کرد. رەفتاری ئەو جێگەی شەرمەزارییە و پێویستە بانگ بکرێت".