عەبدوڵڵا موحەیسنی، ئەو کەسەی کۆنترۆڵکردنی شێخ مەقسوودی بە فەتح پۆڵێن کرد، کێیە؟
رووداو دیجیتاڵ
د. عەبدوڵڵا موحەیسنی، بانگخوازێکی جیهادیی سعودییە و لە دوای شەڕی نێوخۆی سووریاوە، هاوسۆزی بۆ چەندین گرووپی پەڕگیر دەربڕیوە، لەنێویاندا داعش و قاعیدە.
شێخەکە یەکێکە لەو هاوپەیمانانەی حکومەتی دیمەشق کە هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، بە "فەتح" دادەنێت و پێیوایە دەبێت "موسڵمانان" پێی دڵخۆش بن.
دوای ئەوەی کە بە رێککەوتن هەسەدە لە دێرەزوور و رەققە کشایەوە، 18ی کانوونی دووەم، موحەیسنی ڤیدیۆیەکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوکردەوە، تێیدا دەڵێت: "سوێند بە خودا کاتێك شەڕ لە شێخ مەقسوود دەستی پێکرد، وتم خودا رەحم بکات و درێژە نەکێشێت و خوێنی زۆر نەڕژێنرێ، بەڵام سوپاس بۆ خودا رزگارکرا و لە دوای ئەوەوە ئەو هەموو فەتحانە بە دوایاندا هاتن و رەققە و دێرەزووریش بە تەواوی رزگارکران".
بۆ وەرگرتنی روونکردنەوە، تۆڕی میدیایی رووداو پەیوەندیی بە د. موحەیسنییەوە کرد، بەڵام وەڵامی دەستبەجێی نەبوو.
لە گەرمەی جەنگ و پێکدادانەکاندا لەگەڵ هەسەدە، وەزارەتی ئەوقافی سووریا راگەیێندراوی فەرمی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای تەکبیری لە سەرجەم مزگەوتەکان کرد. هەروەها وەزارەتەکە هێرشی سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەی بە "فەتح" ناوبرد.
لە ماوەی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و شەڕی ناوخۆ، د. موحەیسنی زیاتر لە 12 ساڵ لە ناوچەی ئیدلب بوو. ئەو یەکێکە لە دامەزرێنەرانی سەرەکیی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) بە سەرۆکایەتیی ئەبوو محەممەدی جۆلانی، کە ئێستا ناوی گۆڕیوە بۆ ئەحمەد شەرع و سەرۆکی کاتیی سووریایە.
بەگوێرەی میدیای سعودی، د. موحەیسنی ماوەیەک قاعیدە بووە. پاشان ملکەچبوونی خۆی بۆ داعش راگەیاندووە، دواتر چووەتە نێو هەتەشە.
میدیای سعودی، د. موحەیسنی بە " تەکفیری و تیرۆریست" ناساندووە و بە هەوڵدان بۆ "بە ئەفغانستانکردنی سووریا" و بانگهێشتکردن بۆ "جیهادی بە کۆمەڵ" تۆمەتباری دەکات.
لە یەکێک لە ڤیدۆکانیدا کە لە ئایاری 2024 بڵاوکراوەتەوە، موحەیسنی بە ژمارەیەک چەکدار دەڵێت: "ئەی شەهید هاوژینێك بۆ تۆیە لە بەهەشت، ئەگەر تف بکاتە نێو دەریا، دەریاکە شیرین دەبێت. ئەگەر ماچی دەمت بکات، پڕی دەکات لە هەنگوین؛ ئەگەر ئارەقە بکات بەهەشت پڕ لە بۆنی خۆش دەکات؛ چ جائەوەی باوەشی پێدا بکەیت و لە ئامێزت بیگری".
د. موحەیسنی بە چالاکییە زۆرەکانی لە سۆشیاڵ میدیا ناسراوە، سەروو 328 هەزار شوێنکەوتووی لەسەر فەیسبووک هەیە.
ژیاننامە و پاشخانی د. موحەیسنی:
• ناوی تەواو: عەبدوڵڵا محەمەد سولەیمان موحەیسنی
• ساڵی لەدایکبوون: 1987
• شوێنی لەدایکبوون: ناوچەی قەسیم، سعوودیە
• خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە فیقهی بەراوردکاری (الفقه المقارن)
رۆڵی لە سووریا
• لە ساڵی 2013 چوو بۆ سووریا و وەک بانگخواز و "قازیی شەرعی" دەستی بەکار کرد.