داعش لە پەیامێکدا بۆ "جۆلانی": بوویتە پاسەوانی نوێی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی داعش لە یەکەم کاردانەوەیدا بەرامبەر کۆنترۆڵکردنی کەمپی هۆل و زیندانەکانی رۆژئاوای کوردستان لەلایەن حکومەتی راگوزەری سووریا، ئەحمەد شەرع بە جێبەجێکاری ئەجێندای وڵاتانی رۆژئاوا تۆمەتبار دەکات و رایدەگەیێنێت، دۆناڵد ترەمپ "پاسەوانێکی نوێی" بۆ بەرژەوەندییەکانی دۆزیوەتەوە.
لە راگەیێندراوێکدا کە لە میدیای نزیک لەو رێکخراوەوە بڵاوکراوەتەوە، داعش هێرشێکی تووند دەکاتە سەر شەرع و بە ناوە کۆنەکەی، ئەبوو محەممەد جۆلانی، ناوی دەهێنێت و دەڵێت: "بە کۆنترۆڵکردنی کەمپ و زیندانەکان لەلایەن رژێمی جۆلانییەوە، شانۆی رادەستکردنی دەسەڵات بە تاغوتێک تەواو بوو کە لە ملکەچی و گوێڕایەڵیدا بۆ رۆژئاوا، پێشی رژێمە نوسەیری و کۆمۆنیستەکان کەوتووە".
مەبەست لە نوسەیری، دەسەڵاتی پێشووی بەشار ئەسەدە و کۆمۆنیستیش هەسەدەیە.
داعش لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بە قسەیەکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کردووە کە لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتبووی "کورد زیاتر بۆ خۆیان کاریان کردووە نەک بۆ ئێمە". داعش دەڵێت، ئەمە بەڵگەیە کە گوایە ئەمریکا بەدوای ئیدارەیەکدا گەڕاوە زیاتر خزمەتی بەرژەوەندییەکانی واشنتن بکات، بۆیە ئێستا ئەحمەد شەرع زیاتر خزمەت بە ئەمریکا دەکات وەک لە سووریا.
رێکخراوە بە تیرۆرست پۆڵێنکراوەکە بە زمانێکی زبر باسی پەیوەندییەکانی شەرع و ئەمریکا دەکات و دەڵێت: "ترەمپ دواجار ئەوەی دەویست دەستی کەوت؛ ئەو کەسێکی لە مەزڵووم عەبدی بەوەفاتری دۆزیوەتەوە، بەڵام کێشەی ئەوان ئەوەیە لەسەر یەک جۆر کەس جێگیر نین و سبەی جۆلانیش بە کەسێکی دیکە دەگۆڕنەوە، بەتایبەت کە خۆی سەرۆکی قۆناخێکی کاتییە."
سەبارەت بە چارەنووسی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، داعش باس لە لێدوانێکی تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا دەکات کە گوتبووی "ئامانجی سەرەکی لە دروستکردنی هەسەدە شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی بوو، ئەو ئامانجەش کۆتایی هات". داعش دەڵێت، ئەمە دانپێدانانە بەوەی جۆلانی ئێستا ئەو ئەرکەی گرتووەتە ئەستۆ.
داعش رەخنە لەو کەسانە دەگرێت کە ئاهەنگ بۆ کۆنترۆڵکردنی کەمپەکان لەلایەن چەکدارانی حکومەتی سووریاوە دەگێڕن و بە "هاتوهوریای سیاسی" وەسفیان دەکات. رێکخراوە پەڕگیرەکە دەڵێت: "ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ژن و منداڵەکان ئازاد کراون، بەڵام لە راستیدا لە زیندانێکی بچووکەوە گوێزراونەتەوە بۆ زیندانێکی گەورەتر کە پاسەوانەکانی جۆلانی بەڕێوەی دەبەن و یاساکانی خۆیانیان بەسەردا دەسەپێنن."
داعش دۆخی چەکدار و خێزانەکانی خۆی لە زیندانەکاندا بە "سەربەرزانە" وەسف دەکات و دەڵێت، ئەوان باجی "شەریعەت و تەوحید" دەدەن، لەکاتێکدا لایەنگرانی "جۆلانی" باجی "دیموکراسی و کۆیلایەتی بۆ رۆژئاوا" دەدەن.