بەرپرسێکی ئەنەکەسە: بەشداری لە کۆنگرەی نیشتمانیی سووریا ناکەین
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا - ئەنەکەسە رایگەیاند، بەشداری لە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا ناکەن.
کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا، ئەمڕۆ لە دیمەشق دەست بە کارەکانی دەکات و بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.
کۆمیتەی ئامادەکاریی کۆنگرەکە رایگەیاند، کۆنگرەکە رۆژی یەکەم 24ی شوباتی 2025 پێشوازی لە میوانەکان دەکات و رۆژی دووەم، 25ی هەمان مانگ لە دیمەشق دەست بە کارەکانی دەکات.
عەبدولحەکیم بەشار، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەنەکەسە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو و نەجاح حێڤۆ، سەرۆکی نوێنەرایەتی ئەوروپای ئەنەکەسە و هەروەها حەواس عەگید، نوێنەری ئەنەکەسە لە کۆمیتەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی بەرەی ئاشتی و ئازادی، وەکو کەسایەتی بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا بانگهێشت کراون، بەڵام بڕیاریان داوە بەشداری نەکەن.
عەبدولحەکیم بەشار ئاشکراشی کرد، ئەمڕۆ ئەنەکەسە لە راگەیێندراوێکدا هەڵوێستی خۆی دەردەبڕێت.
حەواس عەگید بە رووداوی راگەیاند، ئەوان وەکو کەسایەتی بانگهێشت کراون، لە کاتێکدا بەشێکن لە بزووتنەوەی سیاسیی کورد. هەروەها گوتیشی، چەندین تێبینییان لەسەر کۆنگرەکە هەیە لەکاتی ئامادەکردنی کۆمیتەی ئامادەکارییەوە و پێیان وایە ئەندامە بەشداربووەکان ناتوانن لە 6 کاژێردا دۆسیە گرنگەکانی وەکو پرۆسەی سیاسی، دەستوور و دادپەروەریی قۆناخی گواستنەوە گفتوگۆیان لەسەر بکەن.
حەسەن دغێم، گوتەبێژی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەی نیشتمانیی سووریا رایگەیاند، کورد وەکو کەسایەتی و بەناوی خۆیانەوە، نەک وەک شاند، بەشداری کۆنگرەکە دەبن.
بەپێی زانیارییەکانی کۆمیتەی ئامادەکاریی کۆنگرەکە بۆ رووداو، نزیکەی 400 بۆ 600 کەس بەشداری کۆنگرەکە دەبن.