مەسەدە: هەسەدە و دیمەشق بە خێرایی گیراوەکانیان بگۆڕنەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات رایگەیاند، بنیادنانی متمانە دەروازەی سەرەکییە بۆ چارەسەری سیاسی لە سووریا و داوای ئازادکردنی سەرجەم گیراوان و گۆڕینەوەی دەستبەسەرکراون لەگەڵ حکومەتی سووریا دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، مەسەدە رایگەیاند، لە کاتێکدا دۆخی مرۆیی و بژێوی لە سووریا بەرەو خراپی دەچێت، هەنگاوەکانی بنیاتنانی متمانە دەبنە کلیلی پێشخستنی پرۆسەی سیاسی.
مەسەدە پشتگیریی خۆی بۆ جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنەکانی 29ی کانوونی دووەم دەربڕی و ئازادکردنی دەیان گیراوی لە پارێزگای حەسەکە وەک "ئاماژەیەکی ئەرێنی" وەسف کرد.
گۆڕینەوەی دەستبەسەرکراوان و پرسی گیراوەکان
مەسەدە داوای "جووڵەی خێرا" دەکات بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی گۆڕینەوەی دەستبەسەرکراون لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و سوپای سووریا.
جەختیشی کردەوە کە پێویستە پرسی لێخۆشبوون و ئازادکردنی گیراوەکان ببێتە شێوازێکی کاری گشتگیر و بەردەوام و هەموو ئەو کەسانە بگرێتەوە کە بەشێوەی "نایاسایی یان بە سەرکوتکاری" دەستبەسەرکراون، بەبێ هیچ جیاکارییەک.
گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، مەسەدە پێشوازی لە گەڕانەوەی نزیکەی 400 خێزانی ئاوارەی عەفرین بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەکات. ئاماژە بەوەش دراوە کە دەبێت ئەم هەنگاوە ببێتە سەرەتایەک بۆ گەڕانەوەیەکی ئارام، خۆبەخشانە و شکۆمەندانە بۆ هەموو ئاوارەکان، بەجۆرێک کە مافی نیشتەجێبوون و خاوەندارییەتییان پارێزراو بێت.
کردنەوەی رێگە و دەروازەکان
ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات جەختی لە گرنگیی کردنەوەی رێگە و دەروازە ناوخۆییەکان کردەوە، بەتایبەتی لە دەوروبەری شارەکانی کۆبانی و حەسەکە.
مەسەدە دەڵێت: "ئەم هەنگاوە گرنگییەکی مرۆیی و ئابووریی گەورەی هەیە بۆ ئاسانکاریی هاتووچۆی مەدەنییەکان، بوژانەوەی بازاڕ و بەهێزکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی."
سەقامگیریی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا
مەسەدە پێی وایە، سەقامگیریی ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، کۆڵەکەی سەرەکیی سەقامگیریی تەواوی وڵاتەکەیە و هاوکار دەبێت بۆ هەوڵە بەردەوامەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ بەشداری لە هەر پرۆسەیەکی نیشتمانیی جیدی کە بەرەو چارەسەرێکی سیاسیی گشتگیر هەنگاو بنێت؛ چارەسەرێک کە یەکپارچەیی خاکی سووریا بپارێزێت و لەسەر بنەمای دادپەروەری، هاوبەشی و فرەیی بێت.