وەزارەتی ناوخۆی سووریا: یەک لەسەر سێی خەڵکی وڵات لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە داواکراو بوون
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەڵێت، نزیکەی هەشت ملیۆن سووریایی لەلایەن ئاژانسە هەواڵگری و ئەمنییەکانی رژێمی ئەسەدەوە داواکراو بوون.
رۆژی شەممە، 24ی ئایاری 2025، نورەدین بابا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە دیمەشق بە رۆژنامەڤانانی رایگەیاند: "ژمارەی ئەو کەسانەی لەلایەن رژێمی پێشووەوە بە هۆکاری سیاسی داواکراوبوون، سەروو هەشت ملیۆن کەس بوو".
نورەدین بابا دەڵێت، ئەو ژمارەیە "نزیکەی یەک لەسەر سێی ژمارەی دانیشتووانی سووریا دەکات کە فایلیان هەبووە و لەلایەن ئاژانسە ئەمنی و هەواڵگیرییەکانی رژێمی پێشووەوە داواکراوبوون".
ساڵی 2011، هاووڵاتییانی سووریا دەستیان بە خۆپێشاندان کرد.
دەسەڵاتی ئەو کاتی سووریا دەیان هەزار کەسی بە تۆمەتی جیاواز، لەوانە ئەندامبوون لە رێکخراوە "تیرۆرستییەکان" و هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دیکە دەستگیرکرد و ژمارەیەکی دیکەشیان داواکراوبوون.
گوتەکانی گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا لەکاتی راگەیاندنی رێکخستنەوەی وەزارەتی ناوخۆ بوون. حکومەتی سووریا نیازی دروستکردنی ژمارەیەک بەشی نوێی لەنێو وەزارەتەکە هەیە کە دیارترینیان یەکەی ئاسایشی سنوورە ئاوی و وشکانییەکانی سووریان.