سەرایا ئەنسار و سوننە بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکەی دیمەشق راگەیاند

رووداو دیجیتاڵ 

گرووپی سەرایا ئەنسار و سوننە بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوە خۆکوژییەکەی دوو رۆژ لەمەوبەری سەر کەنیسەیەکی شاری دیمەشق راگەیاند کە بووە هۆی کوژرانی 25 کەس. 
 
22ی حوزەیران، تەقینەوەیەک لەنێو کەنیسەی سانت ئیلیاس لە ناوچەی دوێلعەی دیمەشق روویدا. بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی سووریا، لە تەقینەوەکەدا 25 کەس کوژران و 63ـی دیکەش بریندار بوون. 
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 24ی حوزەیرانی 2025، گرووپی سەرایا ئەنسار و سوننە لە راگەیێندراوێکدا لە تەلەگرام بڵاویکردەوە، ئەندامێکیان "لەنێو کەنیسەی سانت ئیلیاس لە ناوچەی دوێلعەی دیمەشق خۆی تەقاندەوە". 
 
سەرایا ئەنسار و سوننە گرووپێکی چەکدارە و خۆی بە پاڵپشتیکاری سوننە دادەنێ. گرووپەکە دەڵێ، لە سووریا و لوبنان چالاکە. 
 
ئەو گرووپە تۆمەتبار دەکرێت بەوەی بەشداربووە لە هێرشەکانی ئایاری ئەم ساڵ بۆ سەر عەلەوییەکان لە پارێزگاکانی لازقییە و تەرتوسی سووریا. بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا، لەو هێرشانەدا هەزار و 700 کەس کوژران.