لە حومس پیاوێک بە بەردباران و ژنەکەی بە سووتاندن کوژران؛ هێزە ئەمنییەکان خراونەتە دۆخی ئامادەییەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاند، یەکەکانی هێزی ئاسایشی ناوخۆ و سوپا بەشێوەیەکی چڕ لە شارۆچکەی زەیدەل و چەند ناوچەیەک لە باشووری شاری حومس بڵاوەیان پێکراوە، ئەوەش "بۆ رێگریکردن لە هەر ئاژاوە و فیتنەیەک" دوای ئەوەی پیاوێک و هاوژینەکەی کە سەر بە عەشیرەتەکانی بەنی خالیدی کۆچەرن، لە شارۆچکەی زەیدەل کوژران.
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا رایانگەیاند، گرووپێکی چەکدار هێرشیان کردووەتە سەر سێ گەڕەک کە دانیشتووانەکەی لە تائیفەی جیاوازن، دووکان و ئۆتۆمبێلەکان سووتێنراون و شکێنراون، هەروەها ترس هەیە لە فراوانبوونی بازنەی توندووتیژییەکان.
بەپێی سەرچاوەکان، هێرشکارەکان لە هۆزی ژن و پیاوێک بوون کە لەلایەن گرووپێکی چەکدارەوە کوژراون.
گرووپی هۆزەکان، گەڕەکەکانی (موهاجیرین، ئەرمەن و زاحیەی باسل)یان کردە ئامانج و ئۆتۆمبێلی خەڵکی سڤیلیان تێکشکاند و دووکانیان سووتاند. دواتر هێزە ئەمنییەکان و سوپا لە زۆربەی گەڕەکەکان بڵاوبوونەوە و رێگەی حومس- زەیدەل یان داخست و بە بڵندگۆ و لە راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە داوای دان بەخۆداگرتن کرا.
دۆزینەوەی تەرمی ژن و پیاوێک
عەمید مورهەف نەعسان، فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای حومس، رۆژی یەکشەممە، 23-11-2025 رایگەیاند، "شارۆچکەی زەیدەل، بەیانی یەکشەممە، "تاوانێکی کوشتنی دڕندانەی بەخۆیەوە بینی، کە تێیدا پیاوێک و هاوژینەکەی بە کوژراوی لەناو ماڵەکەیان دۆزرانەوە و تەرمی ژنەکەش سووتێنرابوو."
عەمید مورهەف گوتی، "لە شوێنی تاوانەکە درووشم و نووسراو دۆزرایەوە کە مۆرکی تائیفەگەرییان پێوەبوو، کە ئاماژەیە بۆ هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی ئاژاوە لەنێوان دانیشتووان."
لایەنە پەیوەندیدارەکان رێکاری یاساییان گرتووەتەبەر، لەوانە "گەمارۆدانی شوێنی رووداوەکە، کۆکردنەوەی بەڵگەکان و لێکۆڵینەوەیەکی فراوان بۆ ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی تاوانەکە و دیاریکردنی ناسنامەی تاوانباران و شوێنکەوتنیان بۆ رادەستکردنیان بە دادگە. هەروەها هەموو رێوشوێنەکان گیرانەبەر بۆ مسۆگەرکردنی پاراستنی مەدەنییەکان و سەقامگیری ناوچەکە".
پیاوەکە بە بەردباران و ژنەکە بە سووتاندن کوژراوە
فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆ، "تاوانە قێزەونەکەی" بە تووندی سەرکۆنە کرد و، جەختی کردەوە کە "ئامانج لێی روونە؛ ئەویش هەڵگیرسانی شەڕی تائیفەگەری و چاندنی فیتنەیە لەنێو کۆمەڵگە."
داوای لە دانیشتووانی پارێزگاکە کرد کە "دان بەخۆدا بگرن و، دووربکەونەوە لە هەر کاردانەوەیەک، لێکۆڵینەوەکان بۆ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ جێبهێڵن کە بە بەرپرسیارێتی و بێلایەنی بەدواداچوون بۆ ئەرکەکانیان دەکەن بۆ دەستگیرکردنی تاوانباران و سەپاندنی ئاسایش".
لە رووداوەکەدا پیاوێک بە بەردباران کوژراوە و هاوژینەکەشی تاوەکو مردن سووتێنراوە، دوای رووداوەکە یەکەکانی سوپا و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە شوێنی رووداوەکە بڵاوەیان پێکرا.
بە خوێنی کوژراوەکان درووشمی تائیفی نووسراوە
بەپێی سەرچاوە خۆجێییەکان، پیاوەکە و هاوژینەکەی "لە هۆزەکانی بەنی خالیدی کۆچەرن و هۆکارە راستەوخۆکانی کوشتنەکە روون نین، بەڵام بوونی درووشمی تائیفی کە بە خوێنی کوژراوەکە لەسەر دیواری ماڵەکە نووسرابوو، ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەوەی هەستاوە بەم تاوانە دەیەوێت ئاژاوەیەکی تائیفی لە حومس هەڵبگیرسێنێت، هاوشێوەی ئەوەی لە پارێزگای سوەیدا روویدا".
ئەو سەرچاوانە ئاماژە بەوەش دەکەن "لەو کاتەوەی رژێمی بەشار ئەسەد رووخێنراوە، پارێزگای حومس، بەتایبەت ئەو گەڕەکانەی دانیشتووانی تائیفە جیاوازی تێدایە، لە دۆخێکی ناجێگیردا دەژین و، تاوانی تۆڵەسەندنەوە و کردەوەی کوشتن یان رفاندن هەیە".
حکومەتی سوریا گەڕانەوەی ئارامیی بۆ حومس رادەگەیێنێت
رۆژی یەکشەممە، حکومەتی سووریا گەڕانەوەی ئارامیی بۆ شاری حومس لە رۆژئاوای سووریا راگەیاند، ئەمەش لە چوارچێوەی تۆکمەکردنی رێوشوێنە ئەمنییەکان و قەدەخەی هاتووچۆدا هات.
هەمزە مستەفا، وەزیری راگەیاندنی سووریا رایگەیاند، دەوڵەت و کۆمەڵگە سەرکەوتوو بوون لە هێورکردنەوەی دەستبەجێی دۆخی حومس، ئەوەش سەرەڕای "قورسیی تاوانەکە و ویستی هەندێک لە دانیشتووان بۆ کاردانەوە و تۆڵەسەندنەوە".
هەمزە مستەفا لە فەیسبووک نووسیویەتی: "دۆسیەی ئاشتیی کۆمەڵایەتی، لە پێشینەی کارەکانی حکومەتی سووریایە و گومانی تێدا نییە دەبێت هەوڵی زۆر بدرێت بۆ چەسپاندنی وەک واقعێکی زیندوو، لەوانەش بەدەستهێنانی دادپەروەری و لێپرسینەوە و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی".
پێش ئەوەی هێزە ئەمنییەکان کۆنترۆڵکردنەوە و گەڕانەوەی ئارامیی بۆ ناوچە جیاوازەکانی شارەکە رابگەیێنن، حکومەتی سووریا بۆ ماوەی 12 کاژێر قەدەخەی هاتووچۆی لە حومس سەپاند.
نوورەدین بابا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەک نییە کە بیسەلمێنێت تاوانەکەی حومس مۆرکی تائیفیی هەیە."
نوورەدین بابا بە میدیایی سووریای گوت، "لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان جەخت دەکەنەوە کە ئەو دەستەواژانەی لە شوێنی تاوانەکە نووسراون بۆ چەواشەکارییە و تائیفی نین. هەموو ئەگەرەکان هێشتا لەبەردەم لێکۆڵینەوەی تاوانکاری کراوەن."
نەتەوە یەکگرتووەکان: چاودێریی دەسەڵاتداران دەکەین بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە
نەجات روشدی، جێگری نێردەی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا رایگەیاند، دوای راپۆرتەکان لەبارەی هێرشکردنە سەر خەڵکی سڤیل و موڵک و ماڵیان، لە نزیکەوە چاودێریی پێشهاتەکان دەکات لە حومس.
روشدی، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی "ئێکس" نووسیویەتی: "جەخت لە پێویستیی زۆر دەکەمەوە بۆ گەڕاندنەوەی هێمنی و پاراستنی سڤیلەکان و پابەندبوون بە سەروەریی یاسا. هەروەها لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی تووندوتیژییەکە بکرێت و چاودێریی هەوڵەکانی دەسەڵاتدارانی سووریا دەکەین بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە."