بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر: بەشێکی مێرمنداڵانی زیندانی ئەقتان لەلایەن داعشەوە چەکدار کرابوون
رووداو دیجیتاڵ
ئیدارەی زیندانەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا روونکردنەوە لەبارەی ئەو مێردمنداڵانە دەدات لە زیندانی ئەقتانی رەققە بوون و لەلایەن سوپای عەرەبیی سووریا ئازادکران، دەڵێت، سێ مانگ لەمەوبەر بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە گواستراونەتەوە بۆ ئەوێ و بەشێکیان لەلایەن داعشەوە ئیستغلال کراون.
ئیدارەی زیندانەکان لە ئیدارەی خۆسەریی دیموکراتیک، رۆژی یەکشەممە لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریی دۆخی ئەو مێرمنداڵانەی ئاشکرا کرد کە لە بەشێکی تایبەتی زیندانی ئەقتان لە شاری رەققە دەستبەسەر بوون.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو مێرمنداڵانە دابەش دەبن بەسەر دوو بەشدا: "بەشێکیان تێوەگلاون لە تاوانی جۆراوجۆر و لەسەر سکاڵای فەرمیی هاووڵاتییان دەستگیرکراون؛ بەشەکەی دیکەشیان قوربانیی دەستی چەکدارانی داعش بوون و لەلایەن ئەو رێکخراوەوە چەکدار کراون."
سەبارەت بە هۆکاری مانەوەیان لەو زیندانە، ئیدارەی زیندانەکان روونیکردووەتەوە: "بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە، نزیکەی سێ مانگ لەمەوبەر بڕیاردرا ئەو مێرمنداڵانە لە زیندانی چاکسازیی مێرمنداڵانەوە بگوازرێنەوە بۆ زیندانی ئەقتان."
ئیدارەکە جەختی لەوە کردووەتەوە لە ماوەی مانەوەیاندا، بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان مامەڵەیان لەگەڵ کراوە و "بەرنامەی تایبەتیی شیاندنەوە و چارەسەری دەروونی و کۆمەڵایەتییان بۆ دابین کراوە، بە ئامانجی چاکسازی لە رەفتاریان و ئامادەکردنیان بۆ تێکەڵبوونەوە بە کۆمەڵگە دوای تەواوبوونی ماوەی سزاکانیان."
زیندانی ئەقتان لە رەققە، لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدا بوو، 6 رۆژ لەژێر گەمارۆدابوو، نزیکەی دوو هەزار چەکداری دەستگیرکراوی داعشی تێدایە، ئەو چەکدارانەی داعش کە لە زیندانی ئەقتاندان، "مەترسیدارترینی نێو داعشن"، لە باغۆز دەستگیرکراون کە دوایین ناوچەی ژێردەستی داعش بوو و هەسەدە ناوچەکەی لەژێردەستی رێکخراوەکە دەرهێنا.
رۆژی هەینی 23-01-2026 ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، شەڕڤانەکانیان، کە ئەرکی پاراستنی زیندانی ئەقتانیان لە ئەستۆ بوو، بە هاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی زیندانەکەیان جێهێشتووە..
هەسەدە رایگەیاند: "بە هاوکاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، پرۆسەی گەیاندنی شەڕڤانەکانمان کە ئەرکی پاراستنی زیندانی ئەقتانیان لە رەققە لە ئەستۆ بوو بۆ شوێنی ئارام، تەواو بوو".
هەر هەمان رۆژ وەزارەتی دادی سووریا بڵاویکردەوە، دوای کۆتاییهاتنی پڕۆسەی رادەستکردنی زیندانەکە و چوونەدەرەوەی هێزەکانی هەسەدە، "لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان زیندانەکەیان وەرگرتووە."
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی "سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و گەڕانەوەی دامەزراوەکانە بۆ سەر کارەکانیان بەپێی یاسا."
رۆژی شەممە 123 مێرمنداڵی زیندانەکە بە پاساوی ئەوەی هیچ تاوانێکیان نەکردووە، ئازاد کران، مێرمنداڵەکان بە دەم گوتنەوەی ئەڵڵاهوئەکبەر لە زیندانەکان دەهاتنە دەرەوە.