هاوکاریی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتە کۆبانێ

رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا رایگەیاند، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی سووریا، کاروانێکی هاوکاریی مرۆیی لە حەلەبەوە رەوانەی کۆبانی کراوە.
 
گۆنزالۆ ڤارگاس یۆسا، نوێنەری کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) لە سووریا، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "بە سوپاسەوە بۆ هاوکاریی حکومەتی سووریا لەسەر ئاستی حەلەب و دیمەشق، نزیکەی کاژێرێک لەمەوبەر کاروانێکی هاوکاری لە حەلەبەوە بەرەو کۆبانی لە باکووری سووریا بەڕێکەوت."
 
بەگوێرەی نوێنەرەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، کاروانەکە لە 24 بارهەڵگر پێکهاتووە و لەلایەن ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە ناحکومییەکانەوە ئامادە کراوە.
 
سەبارەت بە نێوەڕۆکی هاوکارییەکان، گۆنزالۆ ڤارگاس ئاشکرای کردووە کە بارهەڵگرەکان خۆراکی پێویست، کەرەستەی فریاگوزاری و گازوایل (دیزڵ)ـیان هەڵگرتووە، ئەوەش بە مەبەستی گەیاندنی "هاوکاریی رزگارکردنی ژیان و پێداویستیی زستانە" بۆ ئەو خەڵکەی بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە.
 
چەندین رۆژ بوو کۆبانێ لەلایەن چەکدارانی سوپای عەرەبی سووریاوە گەمارۆ درابوو، ئێستا رێڕۆیێکی مرۆیی بۆ شارەکە کراوەتەوە. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتووەتە شارەکە.