سووریا دەستی بە فرۆشتنی نەوتی دوو کێڵگە کرد کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی هەسەدە بوون
رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی سووریا رایگەیاند، یەکەم کاروانی نەوتی دوو کێڵگەی دێرەزووریان گواستووەتەوە کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بوون.
ئەو کاروانە 20 تەنکەر نەوت بوون کە لە هەردوو کێڵگەی عومەر و تەنەک گوێزرانەوە بۆ کۆمپانیای پەترۆڵی سووریا لە شاری بانیاس.
ئەو دوو کێڵگەیە بەر لە گرژییەکانی ئەم دواییەی رۆژئاوای کوردستان، لە ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بوون و ئێستا لەژێر دەسەڵاتی سوپای عەرەبیی سووریان.
میدیای فەرمیی سووریا لەسەر زاری ئەحمەد قوبەچی، جێگری سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای پەترۆڵی سووریاوە گواستییەوە کە پرۆسەی گواستنەوەی نەوت لەو دوو کێڵگەیە بە رێوشوێنی ورد ئەنجام دەدرێت و تیمیان لەو دوو کێڵگەیە هەیە بۆ سەرپەرشتیکردنی بارکردنى نەوت و گواستنەوەی لەو دوو کێڵگەیە.
یەدەگی کێڵگەی عومەر بە 760 ملیۆن بەرمیل و کێڵگەی تەنەک بە 250 ملیۆن بەرمیل مەزەندە دەکرێت.