هەسەدە: گرووپە چەکدارەکانی دیمەشق هێرشیانکردە سەر دەوروبەری کۆبانی
رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بڵاویکردەوە، هەرچەندە ئاگربەست بۆ 15 رۆژ درێژکراوەتەوە بەڵام سوپای عەرەبی سووریا لە هێرشەکانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بەردەوامە، لەنێویاندا بۆ سەر کۆبانی.
رۆژی یەکشەممە، 25ی کانوونی دووەمی 2026، ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە بڵاویکردەوە، "سەرەڕای رێککەوتنی درێژکردنەوەی ئاگربەست، گرووپەکانی سەر بە دیمەشق هێرشیان کردە سەر گوندەکانی شێخلەر/شیوخ و زێرک لە رۆژئاوای شاری کۆبانی و جەلەبیە لە باشووری رۆژهەڵاتی شارەکە".
ئەو هێرشەی سوپای عەرەبی سووریا بۆ سەر دەوروبەری کۆبانێ لە کاتێکدایە دوێنێ هەردوولا رێککەوتن کە ئاگربەست بۆ 15 رۆژ درێژبکەنەوە. ئاگربەستی پێشوو بۆ چوار رۆژ بوو.
لە رۆژی 6ی ئەم مانگەوە هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا دەستیان بە هێرشەکانیان بۆ سەر گەڕەکە کوردییەکانی شاری حەلەب و ناوچەکانی دیکەی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە کرد. هەفتەی رابردووش، بەهۆی ئەو هێرشانەوە کەمپێکی کەسوکاری چەکدارانی داعش و ژمارەیەک گرتووخانە کەوتنە دەست ئەو هێزانەکە ژمارەیەکیان و بەشێک لە کەسوکاریان توانیان هەڵبێن.
ئەمە تاکە نەخۆشخانەی کۆبانێیە کار دەکات؛ دۆخەکە مەترسیدارە و منداڵێک بە تۆپبارانی گرووپەکان شەهید بوو pic.twitter.com/4E1WMp5UnR
— Rudaw (@Rudawkurdish) January 25, 2026