مەزڵووم عەبدی: چارەسەری کۆبانێ و قامشلۆ، پێویستە سەرێکانی و عەفرینیش بگرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، "ماوەیەکە هەوڵ بۆ ئەم ئاگربەستە دەدرێت و ئاگربەستەکە لەسەر داوای سوپای ئەمریکا بووە."
مەزڵووم عەبدی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان رایگەیاند، "ئێمە لە لای خۆمانەوە هەوڵ دەدەین ماوەی ئەم ئاگربەستە بەکاربێنین بۆ ئەوەی ئەو رێککەوتنەی کە کراوە، جێبەجێ بکرێت."
فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەڵێت: "دەمانەوێت لەگەڵ گەلەکەمان راشکاو و شەفاف بین، ئەوەی تاوەکو ئێستا کراوە دەمانەوێت هەمووی باس بکەین. ئەوەی هەیە ئەوەیە کە دانوستاندن هەن و هەندێک خاڵیش هەن کە هەردوو لایەن لەسەری رێککەوتووین. بێگومان هەندێک داواکاریش ئاراستەی ئێمە دەکرێن."
مەزڵووم عەبدی دەڵێت، هەر جۆرە چارەسەرێک بۆ کۆبانێ و قامشلۆ بکرێ، پێویستە هەمان چارەسەر سەرێکانی و عەفرینیش بگرێتەوە.
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات هەروەها دەڵێت، "هێڵێکی کراوەی پەیوەندی لە نێوان ئێمە و دیمەشقدا هەیە". جەخت لەوەش دەکاتەوە، "بەپێی ئەو رێککەوتنەی کراوە، نابێت سوپا بچێتە ناوچە کوردنشینەکانەوە."
مەزڵووم عەبدی گوتی، تاوەکو ئەو کاتەی لەگەڵ حکومەتی سووریا دەگەنە رێککەوتن و چارەسەرێک، لە بەرخۆدان بەردەوام دەبن. ئاماژەی بەوەشکرد، وەکو ساڵی 2014، کۆبانێ سەرکردایەتی ئەم بەرخۆدانە دەکات.
لەبارەی دۆخی ئێستای رۆژئاوای کوردستانیش، مەزڵووم عەبدی رایگەیاند، "ئەوەی گەلی کورد شایەنی نەبوو روویدا". سوپاسی هەموو ئەو لایەن و کەسایەتیانەش کرد، کە پشتگیرییان لە رۆژئاوای کوردستان کردووە و گوتی: "هێزە سیاسییە کوردییەکان ئەمڕۆ هەموویان لەگەڵ رۆژئاڤان."