وەزارەتی ناوخۆی سووریا: ژمارەیەک کەسوکاری چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆل هەڵاتوون


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاند، دوای کشانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە کەمپی هۆل و پێش گەیشتنی هێزەکانیان بۆ کەمپەکە ژمارەیەک کەسوکاری چەکدارانی داعش لەو کەمپەدا هەڵاتن. 
 
رۆژی چوارشەممە، 25ی شوباتی 2026، نورەدین بابا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە دیمەشق رایگەیاند، وەزارەتەکەی کار لەسەر جێبەجێکردنی پلانێکی ئەمنیی مرۆیی چڕ دەکات بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی کەمپی هۆڵ لە پارێزگای حەسەکە و گرنگیدان بە پاراستنی ژنان، منداڵان و بەساڵاچووان، هەروەها جێبەجێکردنی یاسای دادوەری و سزادانی هەموو ئەو کەسانەی دەستیان لە تاوانەکاندا هەبووە، ئەوەش لە رێگەی رێکاری دادوەریی شەفافەوە دەکرێت.
 
 نورەدین بابا رایگەیاند: "هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەشێوەیەکی لەناکاو کەمپی هۆڵیان چۆڵ کردووە، ئەوەش شەش کاژێر پێش ئەوە بووە کە سوپای عەرەبیی سووریا بچێتە نێو کەمپەکە."
 
دیمەشق هەسەدەی تۆمەتبار کردووە بەوەی لە 20ی کانوونی دووەمدا بەبێ هیچ هاوئاهەنگییەک لە هۆل کشاوەتەوە. هەسەدەش گوتوویەتی هێزەکانی "ناچاربوون" لە کەمپەکە بکشێنەوە بۆ ناوچەکانی دەوروبەری شارەکان کە لەژێر هەڕەشەدابوون.
 
کەمپی هۆڵ لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستانە، لە 20ی کانوونی دووەمی 2026 کەوتە دەست سوپای عەرەبیی سووریا، کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بوو.
 
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاند، تیمەکانیان هەڵاتنی بەکۆمەڵیان ئاشکرا کردووە بەهۆی کردنەوەی کەمپی هۆڵ بەشێوەیەکی هەڕەمەکی. گوتیشی،  138 کون و دەرچە لە پەرژینی کەمپەکە کراون، کە دەرچوونی نارێکخراوى لە کەمپی هۆڵ ئاسان کردووە.
 
یەکێتیی ئەورووپا لە هەڵاتنی کەسوکاری چەکدارانی داعشە 
 
یاداشتێکی ناوخۆیی یەکێتیی ئەورووپا نیگەرانییە ئەمنییەکانی وروژاندووە سەبارەت بە هەڵاتنی هەزاران کەس لە کەمپی هۆل و ئاماژە بەوە دەکات کە گرووپە تووندڕەوەکان دەتوانن لە نێوان هەڵاتووەکاندا خەڵک بۆ ریزەکانی خۆیان رابکێشن.
 
یاداشتەکە، لە لایەن سەرۆکایەتی قوبرس بۆ ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا بۆ وڵاتانی ئەندام نێردراوە و مێژووەکەی 23ی شوباتە دەڵێت، بارودۆخی ئەو هاووڵاتییە بیانییانەی (وڵاتانی سێیەم) کە لە کەمپی هۆل هەڵاتوون بە نادیاری ماوەتەوە و باس لەوە کراوە، کە زۆرینەیان هەڵاتوون.
 
یاداشتەکە دەڵێت: "ئەمە نیگەرانمان دەکات سەبارەت بەوەی چۆن گرووپە تیرۆریستییەکان هەوڵ دەدەن بارودۆخی ئێستا بقۆزنەوە بۆ زیادکردنی هەوڵەکانی دامەزراندنی ئەندامی نوێ لە نێوان هەڵاتووەکاندا."
 
زیندانییەکان هەزاران بیانییان لەنێودابوو
 
هۆل، کە لە نزیک سنووری عێراقە، یەکێک بوو لە کەمپە سەرەکییەکانی دەستبەسەرکردنی کەسوکاری ئەو چەکدارانەی گومانیان لێدەکرێت ئەندامی داعش بن و لە کاتی هەڵمەتی پشتیوانیکراوی ئەمریکا دژی گروپە جیهادییەکە لە سوریا دەستگیرکرابوون.
 
کۆنترۆڵکردنی کەمپەکە لە مانگی یەکدا گۆڕا، کاتێک هێزەکانی سوپای عەرەبی سووریا هێزەکانی سوریای دیموکراتیان (هەسەدە) کە کورد رێبەرایەتییان دەکات لە ناوچەکە وەدەرنا.
 
هەسەدە بۆ ماوەی چەندین ساڵ پاسەوانی ئەو دامەزراوەیەی دەکرد.
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی کەمپەکە کە بڵاوکراونەتەوە، ژمارەی دانیشتووانی کەمپەکە رۆژێک پێش دەستبەسەرداگرتنی لەلایەن حکومەتەوە 23 هەزار و 407 کەس بووە، لەنێویاندا شەش هەزار و 280 بیانی لە زیاتر لە 40 وڵاتی جیاواز.
 
سوپای ئەمریکا لە 13ی شوباتدا رایگەیاند، پێنج هەزار و 700 چەکداری داعشی لە زیندانەکانی سووریاوە بۆ عێراق گواستووەتەوە.  سەرەتا گوتبووی کە رەنگە تاوەکو حەوت هەزار زیندانی بگوازرێنەوە. یاداشتەکەی یەکێتیی ئەورووپا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامانجە سەرەتاییەکە نەپێکراوە.
 
'دەستبەسەرداگرتنێکی پڕ لە پشێووی'
 
لە بەشێکدا بە ناونیشانی "نیگەرانییە ئەمنییەکانی سەرچاوەگرتوو لە زیادبوونی گرژییەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا"، یاداشتەکەی یەکێتیی ئەورووپا دەڵێت، "دەستبەسەرداگرتنە پڕ لە پشێوییەکە، بووە هۆی داڕمانی ئاسایش و خزمەتگوزارییەکان لە کەمپی هۆل، ئەمەش بووە هۆی هەڵاتنی بەشێکی بەرچاوی دانیشتووانەکەی."
 
سەرچاوەیەکی ئەمنیی حکومەتی سووریا هەفتەی رابردوو رایگەیاندبوو، دەسەڵاتە ئەمنییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان، یەکەیەکیان بۆ "راوەدوونانی داواکراوەکان" پێکهێناوە.
 
یاداشتەکەی یەکێتیی ئەورووپا دەڵێت توانای دیمەشق "بۆ بەڕێوەبردنی ئەم دامەزراوانە سنووردارە و رووبەڕووی تەحەدای بەرچاو بووەتەوە". 
 
بە گوێرەی یاداشتەکە هەردوو کەمپی هۆل و رۆژ  نزیکەی 25 هەزار کەسیان تێدابووە، کە زۆربەیان ژن و منداڵن، "زۆربەی ئەمانەش تووندڕەو بوون و لە بارودۆخێکی مرۆیی و ئەمنی خراپدا دەژین."
 
کەمپی رۆژ تائێستا لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدایە.
 
ئوستراڵیا و هۆڵەندا رەتیانکردووەتەوە خەڵکی خۆیان ببەنەوە.
 
هەفتەی رابردوو، هەسەدە 34 هاوڵاتی ئوستراڵی لە کەمپی رۆژ ئازاد کرد، بەڵام دواتر گەڕانەوە. حکومەتی ئوسترالیا یارمەتیدانی خێزانەکانی چەکدارانی داعشی بۆ گەڕانەوە بۆ نیشتمان رەتکردەوە. 
 
حکومەتی ئوستراڵیا رایگەیاندووە، بەهۆی نیگەرانیە ئەمنیەکانیانەو رێگە بە گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتییانەیان نادەن. گوتەبێژێکی حکومەتی هۆڵەنداش نە هەمانشێوە رایگەیاند، هاووڵاتیانی خۆیان لە کەمپەکانی سووریا وەرناگرنەوە.