ئیلهام ئەحمەد: هەوڵی تێکدانی رێککەوتنەکەی نێوان هەسەدە و دیمەشق دەدرێ


رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە پەرلەمانی ئەورووپایە و داوای گەرەنتییەک دەکات بۆ بەردەوامیی رێککەوتنەکەی نێوان هەسەدە و دیمەشق؛ دەشڵێت: تاوەکو ئێستا میکانیزمی جێبەجێکردنەکەی ناڕوونە و هەندێک لایەن هەوڵی تێکدانی دەدەن.
 
رۆژی چوارشەممە، 25-02-2026، ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و رۆهەڵات عەفرین، ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) سەردانی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپایان کرد و بڕیارە لەگەڵ پەرلەمانتاران کۆببنەوە.
 
ئیلهام ئەحمەد لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا تیشکی خستە سەر پڕۆژەبڕیارەکەی 12ـی شوباتی پەرلەمانی ئەورووپا بۆ پاراستنی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و رایگەیاند: ''کۆبوونەوەکە بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو. پشتگیریی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و ئەو هەنگاوانەی دەنرێن، پاڵپشتیکردنە لە دیموکراسی، ئازادی و دادپەرەوەری.''
 
هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر گوتی: ''ئەو بڕیارانەی کە لە کۆبوونەوەکە دەرچوون، پێداگرین لەسەر بنیاتنانی سووریایەکی نوێ کە تێیدا هەموو گەلانی سووریا بە ئازادی بژین؛ لە سەرووی هەمووشیانەوە [پێداگرییە] بۆ چارەسەری پرسی کورد کە ساڵانێکە لە سیستمی سووریادا مافی پێشێلکراوە.''
 
ئیلهام ئەحمەد باس لە چالاکیی کورد دەکات لە شەڕی دژی داعشدا و دەڵێت: ''پێویستە لە بەرامبەر ئەم کارانەی کە کراون، لانیکەم مافی کورد لە دەستووری سووریادا مسۆگەر بکرێ و وڵاتانی نێوەندگیر لەنێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و دیمەشق، پاڵپشتمان بن تاوەکو ئەو کاتەی چارەسەرێکی سیاسی لە نێوخۆی سووریادا دێتە ئاراوە، بەڵام هێشتا ئەو هەنگاوە نەنراوە.''
 
هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە ''هێرشکردن بۆ سەر دیموکراسی'' دەزانێت و دەڵێت، ''لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دیموکراسی هەبوو کە مافی ژنان و پێکهاتەکان گەرەنتی کرابوو. ئەوە هێرشێک بوو بۆ سەر هەموو ئەو بەهایانە.''
 
''زۆر خاڵی رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراون''
 
دوای ئەوەی 8ی کانوونی دووەم هێزەکانی سوپای عەرەبیی سووریا هێرشیان کردە سەر گەڕەکە زۆرینە کوردنشینەکانی حەلەب و دواتر هێرشیانکردە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە، لە 29ـی هەمان مانگ رێککەوتنێکیان واژۆ کرد و شەڕ راگیرا. ئەوەش بەگوێرەی رێککەوتنێکی گشتگیر و لێکتێگەیشتن لەبارەی پڕۆسەی تێکەڵکردنێکی ریزبەندیی هێزە سەربازییەکان و کارگێڕییەکانی هەردوولا.
 
ئیلهام ئەحمەد پێیوایە، تاوەکو ئێستا زۆر خاڵ هەن لە رێککەوتنەکەدا جێبەجێ نەکراون و گوتی: ''بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان لە دانوستاندنداین، بەڵام هێشتا گوتاری رق و کینە بەردەوامە.''
 
بەگوتەی هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، میدیای سەر بە حکومەتی سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر گوتاری دژایەتی بڵاودەکەنەوە، ''هەروەها هەندێک وڵات هەوڵی زۆر دەدەن بۆ ئەوەی  لە نێوان کورد و عەرەب شەڕ دروست ببێت کە ئەوەش زۆر مەترسیدارە. واتا لە بەرامبەر تێکەڵبوونەوەی بنەڕەتی، هەندێک پەرچەکرداری نەرێنی لەلایەن بەشێکی کۆمەڵگە یان ئەو لایەنانە هەیە کە پاڵپشتیی ئەو بەشە دەکەن.''
 
ئیلهام ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە، سەرەڕای ئەوەی هەوڵێک هەیە کە شەرێکی دیکە رووبدات، ئەو هەنگاوانەی تاوەکو ئێستا لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەی نێوان هەسەدە و دیمەشقدا نراون، بە ئەرێنییان دەزانن؛ ''بەڵام تاوەکو ئێستا بۆ مسۆگەرکردنی مافی کورد لە دەستووردا و بەشداریی کورد لە کۆمیسیۆنی نووسینەوەی دەستووری سووریادا، هەنگاو نەنراوە.''
 
یەکێک لە خاڵەکانی رێککەوتنەکەی هەسەدە و دیمەشق، وەرگرتنی ژمارەیەک پۆستی باڵای حکومییە لەلایەن کوردەوە. هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئەوەشی خستەڕوو، تاوەکو ئێستا کورد بەشداریی کارای لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و وەزارەتخانەکاندا نییە، ''هەروەها پێگەی ژنان لە هەموو دامەزراوەکاندا لاوازە و کێشەی جیدی لەوبارەوە هەیە.''
 
''داعش بەهێز بووەتەوە''
 
دوای ئەوەی بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کەوتە دەست سوپای عەرەبیی سووریا، ئەو زیندانانەی کە ئەندامانی داعشیان تێدا راگیراوە، رادەستی دیمەشق کران کە پێشتر ئەرکی پاراستنیان لە ئەستۆی هەسەدە بوو.
 
ئیلهام ئەحمەد لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بە مەترسیی بەهێزبوونەوەی داعش کرد و گوتی: ''دوای رادەستکردنی زیندانەکان بە دیمەشق، دووبارە بڵاوبوونەوەی داعش لە ناوچەکەدا دەستیپێکردووەتەوە. لە دێرەزوور، رەققە و هەندێک ناوچەی دیکە، چالاکییەکانی داعش زۆر زیاتر بووە.''
 
بەگوێرەی سێ سەرچاوە بۆ ئاژانسی هەواڵیی فرانس پرێس، هێزەکانی ئەمریکا لە ماوەی یەک مانگدا لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا دەکشێنەوە. هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر باسی لەوە کرد، ''وا دیارە ئەمریکا بڕیاری خۆی بۆ کشانەوە داوە. بەڵام دوای کشانەوە کاتێک هێشتا دەستووری سووریا نەنووسراوەتەوە، روون نییە چارەنووسی کورد و ئەو پێکهاتانەی لە ناوچەکەدا دەژین چی دەبێت. لەوبارەوە هێشتا هیچ گەرەنتییەک نییە.''
 
ئیلهام ئەحمەد سەبارەت بە ئامانجیان لە سەردانەکەیان بۆ پەرلەمانی ئەورووپا دەڵێت: ''دەمانەوێت لەم کۆبوونەوانەدا دەنگی خۆمان بگەیێنین، کە بۆ ئەم تێکەڵبوونەوەیەی [لەنێوان هەسەدە و دیمەشق] روودەدات، گەرەنتییەک هەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا میکانیزمی گەرەنتیکردنەکە دیار نییە.''
 
هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوا لە یەکێتیی ئەورووپا دەکات ''گەرەنتییەکی راستەقینە'' بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی نێوان هەسەدە و دیمەشق دەستەبەر بکرێ، ''لە سەرووی هەمووشیانەوە پرسی دەستوور، چەسپاندنی مافی کورد لە دەستووردا و خۆسەربوونی هەرێمە کوردییەکان لە رێککەوتنەکەی ئێمەدا هەن و پێویستە بزانین چۆن جێبەجێ دەکرێن.''
 
ئیلهام ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە، لەسەر بنەمای پاراستنی تایبەتمەندیی ناوچە کوردییەکان، پێویستە خۆبەڕێوەبەری (خۆسەربوون) مسۆگەر بکرێ، ''لەسەر ئەم بنەمایە، ئێمە زۆر بە گرنگی دەزانین کە پاڵپشتیمان بکەن، بۆ ئەوەی ژیانی خەڵک پارێزراو بێت و بتوانین گەرەنتیی داهاتووشمان بکەین.''
 
''نزیکەی 180 هەزار کورد ئاوارە کراون''
 
جیا لە ئاوارەکانی ئەم دواییانەی هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا، هێرشەکانی سەرەتای ساڵی 2018ـی سوپای تورکیا و ژمارەیەک گرووپی چەکداری ئۆپۆزیسیۆنی سووریای ئەو کات و نزیک لە تورکیا بۆ سەر عەفرین و دەوروبەری، هۆکار بوو بۆ ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان.
 
هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژەی بە ئاوارەکانی عەفرین، سەرێکانی، گوندەوارەکانی حەلەب و شەهبا کرد و گوتی: ''هێشتا نزیکەی 180هەزار کورد هەن، کە ئاوارە کراون و هەموویان لە جزیرەن.''
 
بەگوتەی ئیلهام ئەحمەد ئاوارەکان لە 118 قوتابخانەدا دەمێننەوە و ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، ''بەوهۆیەوە قوتابخانەکان پەکیان کەوتووە و ژیانی قوتابیان و سیستمی خوێندنیش زیانیان بەرکەوتووە''.
 
وەک هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، لە رێککەوتنەکەی نێوان هەسەدە و دیمەشقدا باس لە گەڕانەوەی ئاوارەکانیش کراوە، ''بەڵام تاوەکو ئێستا ئەم هەنگاوە نەنراوە و ئێمە بەدواداچوون لەوبارەوە زۆر بە گرنگ دەزانین. بۆیە پێمان وایە لێرە لەوبارەوە کۆبوونەوەی باش ئەنجام دەدرێن.''