ئەمریکا لیستێک مەرج بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەخاتەڕوو

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمریکا رۆژی هەینی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک لیستێک مەرجی بۆ لابردنی سزا ئابوورییەکان لەسەر سووریا خستەڕوو، لە کاتێکدا وەزیری دەرەوەی سووریا داوای لابردنی سزاکانی کرد. 
 
دۆرۆسی شیا، هەڵسورێنەری کاروباری نێردەی دیپلۆماسیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، واشنتن دەیەوێت سووریا "تیرۆر" سەرکۆنە و سەرکوت بکات، سیاسەتی نەهێشتنی دووژمنکاری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ پەیڕەو بکات، چەکدارانی "تیرۆریست"ی بیانی لە پۆستە فەرمییەکان دووربخاتەوە، رێگە بە ئێران و هێزە بەوەکالەتەکانی نەدات خاکی سووریا بەکاربێنن، چەکی کیمیایی و کۆمەڵکوژ لەنێوببات، یارمەتی ئەمریکا بدات لە گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییانەی لە سووریا بێسەروشوێن بوون و ئاسایش و ئازادیی هەموو سووریاییەکان دەستبەر بکات.
 
خانمە دیپلۆماتەکە بە ئەنجوومەنەکەی گوت، "ئەمریکا بەردەوامە لە چاودێریکردنی دامودەزگا کاتییەکان و ئێمە هەنگاوەکانمان بە گوێرەی رەفتارەکانیان دیاری دەکەین. پێویستە سەرکردایەتیی سەرەکی، رابردووی خۆی تێپەڕێنێت."
 
بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لە کانوونی یەکەمی پاردا دوای هێرشێکی خێرای دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی رووخا و ئێستا ئەو گرووپە چەکدارانە فەرمانڕەوایەتیی دیمەشقیان گرتووەتە دەست. 
 
رۆژی هەینی، ئاڵای نوێی سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵکرا. 
 
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش ئامادە بوو و هەوڵی دا وڵاتانی ئەندام دڵنیابکاتەوە لەوەی حکومەتی نوێی وڵاتەکەی بەشێکی ئەو داواکارییانەی ئەمریکا جێبەجێ دەکات بۆ ئەوەی سزاکان لەسەری نەمێنن. 
 
شەیبانی گوتی: "ئەوانەی داوای شتی زیاتر لە سووریا دەکەن، هەمان ئەوانەن کە ژمارەیەکی زۆری سزایان لەسەر سووریا هێشتوونەتەوە. ئەم سزایانە وا لە سووریا دەکەن کە رۆڵی وڵاتێکی پشتبەستراو بە یارمەتی بگێڕێت نەوەک هاوبەشێکی گەشەی ئابووریی جیهانی".
 
ئەو سزا هەرە قورسانەی ئەمریکا بەسەر ئەسەددا سەپاندبوونی، هێشتا لەسەر سووریا ماونەتەوە. 
 
کانوونی دووەم، ئەمریکا لێخۆشبوونێکی شەش مانگەی بۆ هەندێ لە گەمارۆکان دەرکرد بۆ ئەوەی یارمەتییە مرۆییەکان ئاسانتر بگەنە نێو وڵاتەکە، بەڵام کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبووە، بەڵکو حکومەتی کاتی هێشتا لە دابەشکردنی مووچە رووبەڕووی کێشە دەبێتەوە.