ئوسترالیا رەتی دەکاتەوە هاوکاریی ئەو هاووڵاتییانەی بکات کە لە کەمپەکانی سووریاوە دەگەڕێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئوسترالیا دەڵێ، هاوکاریی ئەو هاووڵاتییانە ناکات کە کەسوکاری چەکدارانی داعشن و دەیانەوێ لە کەمپەکانی سووریاوە بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان. ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتێک دێت کە باس لە هەوڵی چەند خێزانێکی ئوسترالی دەکات بۆ گەڕانەوە.
تۆڕی هەواڵی ئەی بی سی ئوسترالی بڵاویکردەوە، چوار ژنی ئوسترالی و 9 منداڵ و نەوەیان، رۆژی هەینی کەمپی (رۆژ)یان لە رۆژئاوای کوردستان جێهێشتووە. بەپێی راپۆرتەکە، هێزەکانی سووریا ئەو گرووپەیان بەرەو دیمەشق بردووە بۆ ئەوەی لەوێوە بە فڕۆکە بەرەو ئوسترالیا بگەڕێنەوە.
گوتەبێژێکی حکومەتی ئوسترالیا لە راگەیێندراوێکدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس گوتی، "حکومەتی ئوسترالیا هیچ کەسێک لە سووریاوە ناگەڕێنێتەوە و ئەو کارەش ناکات."
گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ئاژانسە ئەمنییەکانیان چاودێریی دۆخی سووریا دەکەن بۆ ئەوەی ئامادەبن بۆ هەر ئوسترالییەک کە بیەوێ بگەڕێتەوە. گوتیشی، "پێویستە ئەو کەسانە بزانن کە ئەگەر تاوانێکیان ئەنجامدابێت، لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ ئوسترالیا بە تووندی رووبەڕووی یاسا دەبنەوە."
ئەم گرووپە بەشێکن لەو 34 ئوسترالییەی لە شوباتی رابردوودا هەوڵیاندا بگەڕێنەوە، بەڵام بەهۆی کێشەی هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی سووریا، هەوڵەکەیان شکستی هێنا.
لەو کاتەدا ئەنتۆنی ئەلبانیز، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا رایگەیاند، حکومەتەکەی هیچ پاڵپشتییەکیان ناکات.
پرسی گەڕاندنەوەی خێزانی چەکدارانی داعش لە ئوسترالیا مشتومڕێکی زۆری لەسەرە. هەندێک لە سیاسەتڤانان هۆشداری دەدەن کە گەڕانەوەی ئەو کەسانە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی دروست دەکات.
لە ساڵی 2023دا رێکخراوی منداڵپارێزی جیهان لەبری 11 ژن و 20 منداڵی نێو کەمپی رۆژ، سکاڵایەکی یاسایی تۆمارکرد بۆ ئەوەی حکومەت ناچار بکات بیانگەڕێنێتەوە، بەڵام دادگەی فیدراڵیی ئوسترالیا سکاڵاکەی رەتکردەوە.