دوای 13 ساڵ؛ بکوژی سەرەکیی کۆمەڵکوژیی گەڕەکی 'تەدامون' لە دیمەشق دەستگیر کرا
رووداو دیجیتاڵ
ئێرە گەڕەکی "تەدامون"ـە لە دیمەشقی پایتەختی سووریا؛ شوێنی یەکێک لە خوێناویترین کۆمەڵکوژییەکانی دەستی هێزە ئەمنییەکانی رژێمی پێشوو. دوای 13 ساڵ لەو تاوانە، دواجار ئەمجهد یوسف، ئەنجامدەری سەرەکیی کۆمەڵکوژییەکە دەستگیرکرا.
دەستگیرکردنی ئەمجهد یوسف، کە بە بەرپرسی یەکەمی گوللەبارانکردنی دەیان کەس لەو گەڕەکەدا دادەنرێت، بووەتە هۆی دڵخۆشیی کەسوکاری قوربانییان. عەلی نەقرەس، ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان کە هاوڕێ و خزمەکانی لەو تاوانەدا گیانیان لەدەستداوە، دەڵێت: "هاتین پیرۆزبایی لە خێزان و منداڵانی شەهیدان بکەین. زۆر دڵخۆشین کە ئەم تاوانبارە گیرا، داوا لە دەوڵەت دەکەین هەر کەسێک هاوکاریی ئەم کۆمەڵکوژییانەی کردبێت، دەستگیر بکرێت و سزا بدرێت."
خەڵکی گەڕەکەکە و کەسوکاری قوربانییان بە خەمێکی قووڵەوە یادی قوربانییەکانیان کردەوە و داوایان لە نوێنەرانی پەرلەمان کرد دادپەروەرییان بۆ فەراهەم بکەن. عەلای محەممەد، کە یەکێکە لە کەسوکاری قوربانییەکان، باس لە مەینەتییەکانی دەکات و دەڵێت: "14 ساڵە ئاوارەین، باوکم کوژرا و ئێمەی بە تەنیا جێهێشت؛ ئەو تەنیا دەیویست بەرگری لە ستەملێکراوان بکات."
دۆسیەی کۆمەڵکوژیی تەدامون ئێستا یەکێکە لە گرنگترین دۆسیەکان لە ئەنجوومەنی گەلی سووریا. دکتۆر حوسام حەمدان، ئەندامی ئەنجوومەنەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ تاوانبارێک دەرباز نابێت و دەڵێت: "ئێمە ئێستا لەبەردەم دۆسیەی دادپەروەریی ڕاگوزەرداین. هەر کەسێک دەستی لە خوێنی خەڵکی سووریادا هەبێت، سزا دەدرێت. ئەمە تەنیا یەکێک بوو لەو کۆمەڵکوژییانەی کە بە مۆبایلەکانی خۆیان بەڵگە کرابوو، هەزاران کۆمەڵکوژیی دیکە لەسەر خاکی سووریا روویانداوە و کەس لە سزا ڕزگاری نابێت."
بە گوێرەی ئامارە بەڵگەکراوەکان، لە ساڵی 2013دا لە گەڕەکی تەدامون 41 مەدەنی بە گوللە کوژران و دواتر تەرمەکانیان سووتێندران. بەڵام نیشتەجێیانی گەڕەکەکە ناوی 288 کەسیان لای خۆیان تۆمار کردووە کە لەو سەردەمەدا لەسەر دەستی هێزە ئەمنییەکان و سەربازانی ڕژێم گیانیان لەدەستداوە.